گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستیپێکردەوە
بەھۆی دروستبوونی بەستەڵەک لە فڕگەی فڕۆکەخانە بڕیاری وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە درابوو

K24 - سلێمانی
دوای ئەوەی لە چەند کاتژمێری رابردوو بەھۆی دروستبوونی بەستەڵەک لە فڕگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڕیاری وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە درابوو، لە ئێستادا گەشتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەستی پێکردۆتەوە.
بە پێی راگەیەنراوێکی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتیەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھاووڵاتیان و ئەو کەسانەی ئەمڕۆ گەشتیان ھەیە دڵنیا دەکاتەوە کە لە ئێستادا تیمەکانیان بە تەواوی بەفر و بەستەڵەکی سەر فڕگەی فرۆکەخانەکەیان پاککردوەتەوە و بڕیاریان داوە گەشتەکان ئاسایی بکرێنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەر لەبەیانی ئەمرۆ بەھۆی بوونی بەستەڵک بڕیاردرابوو گەشتەکان بۆ سەلامەتی ھاووڵاتیان بەشێوەیەکی کاتی رابگیرێت.
ھەر ئەمڕۆش لە قەزای پێنجوێن و پارێزگای ھەڵەبجە بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بارینی بەفر بۆ ماوەی یەک رۆژ دەوامی فەرمی راگیرا.

