به‌ ڤیدیۆ ببینه‌.. چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر له‌ رۆیشتندا گێڕی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بخه‌یته‌ باك

ئه‌گه‌ر له‌ خێرا 100 بڕۆیت

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌ركی سه‌ره‌كی گێڕی ئۆتۆمبێل،‌ گۆڕینی خێرایییه‌، له‌گه‌ڵ گۆڕینی ئاراسته‌ی ئۆتۆمبێل، كه‌ بۆ پێشه‌وه‌ بڕوات، یان بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌، ئه‌وه‌یه‌ چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێل به‌ خێرایی 110 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا بڕوات و له‌و كاته‌دا گێڕی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بخه‌یته‌ باك (به‌گ)، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه‌ دواوه‌؟

شۆفێرێك ئه‌م كاره‌ تاقیده‌كاته‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌، وه‌ك له‌ ڤیدیۆیه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، سیسته‌مێكی تایبه‌تی گێڕ هه‌یه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و كاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێك به‌ میكانیكی ئۆتۆمبێله‌كه‌، به‌تایبه‌تیش گێڕه‌كه‌ نه‌كه‌وێت، بۆیه‌ هیچ روونادات و ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ هه‌مان خێرایی خۆی، به‌ ئاراسته‌ی پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات، ئه‌و سیسته‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئۆتۆمبێله‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ گێڕ ئۆتۆماتیكن.

ئه‌و سیسته‌مه‌ كاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ له‌ گێڕدا په‌كده‌خات، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێك به‌ ئۆتۆمبێل و سه‌رنشینان نه‌كه‌وێت و رووداوی نه‌خوازراوی لێنه‌كه‌وێته‌وه‌.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌و كاته‌ی گێڕی ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر R (Reverse) واتا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌, هیچ شتێك روونادات، له‌ شاشه‌كه‌دا كامێرای پشته‌وه‌ كارده‌كات و دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ نیشانده‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ رووداوێكی نه‌خوازراو رووبدات.