ئەمریكا ھۆشداری دەداتە ئێران

بە پێشێلكردنی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەزانێت

K24 - ھەولێر

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ھۆشداریدان، تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران شەرمەزار دەكات و بە مەترسییەك بۆ سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی لە ناوچە دەزانێت.

مایكل فلین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی رایگەیاند تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە و لەم ئەمڕۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەینە ئێران.

لەمبارەوە دەڵێت "ئیدارەی ئۆباما لە گرتنەبەری كاردانەوەی گونجاو بەرامبەر كردەوەكانی زیانباری ئێران ناتوانا بوو، ئێستا ئێران ھەست بە بوێری دەكات، بەڵام لە ئەمرۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەینە ئێران".

وەزیری بەرگری ئێران حوسێن دێھقان پاش تاقیكردنەوەی موشەكی رایگەیاند "ئەم تاقیكردنەوەی موشەكییە لە چوارچێوەی پلانەكانمان بووە و رێگە بە دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری بەرگری خۆمان نادەین".

تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران نیگەرانی و رەخنەی یەكێتی ئەوروپا و ئیسرائیلی لێكەوتەوە، بەڵام روسیا پێی وایە پێشێلكردنی رێككەوتنامەی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە.

بەرپرسانی ئەمریكا پێشتر رایگەیاند ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردوو "موشەكێكی مەودا ناوەند" تاقی كردووەتەوە، بەڵام پاش كەمێك رویشتن تەقیوەتەوە.

باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان نیكی ھیلی، لێدوانی بەرپرسانی ئێران رەت دەكاتەوە كە رایانگەیاندووە تاقیكردنەوەی موشەكی پێشێلكردنی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش نییە و تەنیا لایەنی بەرگری ھەیە.

گوتیشی ئەو موشەكەی تاقیكراوەتەوە، توانایی ھەڵگرتنی كلاوەكێك بە قورسایی 500 كیلۆگرەم بە توانایی رویشتنی 300 كیلۆمەتر ھەیە و بە ئاسانی دەتوانێت كلاوەكی ئەتۆمی ھەڵگرێت.

بەپێی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، نابێت ئێران لە ماوەی 8 ساڵ پەرە بە موشەكی بالستی بدات كە توانایی ھەڵگرتنی كلاوەكی ئەتۆمی ھەبێت.

لە بەرامبەر كاردانەوەكانی رۆژئاوا، 220 پەرلەمانتاری ئێران لە نامەیەكدا كە رۆژی چوارشەممە لە دانیشتنی پەرلەمان خوێندرایەوە رایانگەیاند " تەنھا ریگەی پێشیگرتن بە ھێرشی دوژمن، بەرزكردنەوەی توانایی موشەكی كۆماری ئیسلامی ئێرانە".

JS