"گریزمان له مان یونایتد په‌شیمان بۆته‌وه و یانه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردووه"
هۆكاری ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی شه‌یتانه سووره‌كانی ئاشكرا كردووه
له ماوه‌كانی رابردوو به‌رده‌وام چاره‌نووسی گریزمانی یاریزانی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درییان به یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد ده‌به‌سته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی به‌ریتانیا ئاشكرای كردووه كه هێرشبه‌ره فره‌نسییه‌كه له شه‌یتانه سووره‌كان په‌شیمان بۆته‌وه و ریال مه‌دریدی كردۆته ئامانج.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 2 شووباتی 2017، پێگه‌ی ئیندیپێندێنتی بریتانیا، زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه كه گریزمان، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئاگادار كردۆته‌وه كه گفتووگۆیه‌كانی له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد دابخات و ده‌رگای قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید بكاته‌وه.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدا كه هه‌فته‌ی رابردوو پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی ئینگلیزی رایگه‌یاند بوو كه یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد گرێبه‌ستێكی 85 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی گریزمان ئاماده كردووه، به‌ڵام به گوێره‌ی نوێترین زانیاری له ترسی شوێنی ئێستای یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ، گریزمان چوونی بۆ شه‌یتانه سووره‌كان ڕه‌ت كردۆته‌وه، چونكه ترسی له‌وه هه‌یه بۆ وه‌رزی داهاتووش مان یونایتد له خه‌ونی گه‌یشتن به چامپیۆنزلیگ بێبه‌ش بێت.
هه‌مان سه‌رچاوه، جه‌خت له‌وه كردۆته‌وه له ئێستادا ئه‌نتوان گریزمان گڵۆپی سه‌وزی بۆ چوونی بۆ یانه‌ی ریال مه‌درید پێكردووه، پێشتریش فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ شوێنگره‌وه‌ی كه‌ریم بێنزیما هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی گریزمانی دا بوو، به‌ڵام به‌هۆی به‌رزی نرخه‌كه‌ی شكستی هێنا.
گریزمانی 25 ساڵ، له تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ریال سوسیدادی ئیسپانیا ده‌ركه‌وت، دواتر له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌می ئه‌م یانه‌یه له وه‌رزی 2013 ـ 2014 دره‌وشایه‌وه، به‌مه‌ش بووه جێگه‌ی چاوتێبڕینی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید، ماوه‌ی 3 وه‌رزه له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه به‌رده‌وامه و له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ كۆتایی دێت.