ئێران ڤیزە ناداتە ئەندامانی تیمی زۆرانبازی ئەمریكا
تیمی زۆرانبازی ئەمریكا 16 جار بەشداری لە كێبركێی جیھانی زۆرانبازی لە ئێران كردووە

K24 - ھەولێر
وەزارەتی دەرەوی ئێران رایگەیاند لە بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ بۆ رێگەنەدان بە چوونە ناوەوەی ھاووڵاتیانی ئێرانی بۆ ئەمریكا، ڤیزە ناداتە ئەندامانی تیمی زۆرانبازی ئەو وڵاتە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ھەر لەم بارەوە گوتی فیدراسیۆنی زۆرانبازی ئێران لە نامەیەكدا بۆ فیدراسیۆنی جیھانی داوای جیگرتنەوەیەك بۆ تیمی بژاردەی زۆرانبازی ئەمریكای كردووە، كە ھەشت بژاردە بەشداری تێیدا دەكەن.
كێبركێی جیھانی زۆرانبازی رۆژانی 16 و 17 شوبات لە كرماشان بەڕێوە دەچێت.
بەھرام قاسمی ئاماژەی بەوەدا كۆمیتەیەكی تایبەتی بۆ ئەم بابەتە پێكھێنرا و بڕیاریدا، ڤیزە بە ئەندامانی تیمی زۆرانبازی ئەمریكا نەدرێت، بێ ئەوەی ئاستی ئەو كۆمیتەیە ئاشكرا بكات.
لە نامەی فیدراسیۆنی زۆرانبازی ئێران ئاماژە بە بڕیاری ترەمپ دراوە بۆ پێشیگرتن بە چوونی ھاووڵاتیانی 7 وڵات بۆ ئەمریكا لەوانە ئێران و ھەر لەمبارەوە دەڵێت ناتوانن رێگە با ھاتنی تیمی بژاردەی زۆرانبازی ئەمریكا بدەن بۆ بەشداریكردن لە كێبركێی جیھانی زۆرانبازی.
سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی 27 كانوونی دووەمی رابردوو بۆ ماوەی سێ مانگ (90 رۆژ) پێدانی ڤیزە و رێگەپێدان بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە وڵاتانی سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن ھەڵپەسارد.
ھەروەھا بۆ ماوەی چوار مانگیش (120 رۆژ) وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەو 7 وڵاتە ھەڵپەسارد، تا ئەوكاتەی یاسایەكی گشتگیر دەردەچێت.
تیمی زۆرانبازی ئەمریكا 16 جار بەشداری لە كێبركێی جیھانی زۆرانبازی لە ئێران كردووە و پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 تاكە تیمی وەرزشی ئەمریكایە لە ئێران بەشداری چالاكییە وەرزشییەكان بووە.
JS