راپرسییەك: ریفراندۆمەكەی دەستووری توركیا دەنگ ناھێنێت
ھەمواركردنەوەی دەستوور، سیستەمی حوكم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی دەگۆڕێت
K24 - ھەولێر
بە پێی راپرسی كۆمپانیای توێژینەوەی گەزیجی، ریفراندۆمەكەی توركیا بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستەمی حوكم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی دەنگ ناھێنێتەوە.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە راپرسییەكە لە 21 ناوچە ئەنجامدراوە و پرسیاری ئەوە لە بەشدارانی راپرسییەكە كراوە ئایا بە بەڵی یان نا دەنگ بە ھەمواركردنەوەی دەدەن.
58.2% بەشدارانی راپرسییەكە بە "نا" وەڵامییان داوەتەوە و 41.2% بە "بەڵێ" بەشداری لە ریفراندۆمی دەستوور دەكەن.
پەرلەمانی توركیا 18 مادە لە دەستووری وڵاتەكەی ھەموار كردەوە، كە دوا قسە بۆ خەڵكە و لەوانەیە لە مانگی نیسان ریفراندۆمێك بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدرێت.
پرۆژەی ھەمواركردنەوەی دەستوور بە ھاوبەشی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان ـ ئاكپارتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە ئامادە كرا و رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوولا پەسندكرا.
لە راپرسییەكەدا 68.7% دەنگدەرانی مەھەپە بە "نا" دەنگ بە ھەمواركردنەوەی دەستوور دەدەن، لە كاتێكدا حزبەكەیان ھاوبەشی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای ھەمواركردنەوەی دەستوورە.
دوو خولی دانیشتنی پەرلەمانی توركیا بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور لە كاتێكدا بوو كە ھاوسەرۆكەكانی ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و 10 پەرلەمانتاری دیكەی ئەم حزبە لە زینداندان و نەیانتوانی بەشداری لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن.
JS