عەممار حەكیم پڕۆژەكەی لەگەڵ یەكێتی تاوتوێ دەكات
لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبنەوە
K24 - سلێمانی
كەمێك لەمەوبەر شاندی ھاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم گەیشتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، بڕیارە لەبارەی پڕۆژەكەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی بكات.
كاروان رەحمان پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "شاندێكی باڵای شیعەكان بە سەرپەرشتی عەممار حەكیم سەرۆكی ھاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و مەلا بەختیار و ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە، تاوتوێی ئەو پڕۆژەیە دەكەن كە عەممار حەكیم بۆ ئاشتەوایی و لێكنزیكبوونەوەی لایەن و پێكھاتە عێراقییەكان خستویەتیەڕوو، پێشتریش ئەو پڕۆژەیەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و ئوردون باسكردووە".
رۆژی 4 شوباتی 2017 عەممار حەكیم بە یاوەری شاندێكی باڵای ھاوپەیمانی نیشتمانی عێراق گەیشتە ھەولێر، بۆ شیكردنەوەی پڕۆژەكەی و بۆچوونی سەركردایەتی كورد، لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكان لە ھەولێر كۆبووەوە.