شەڕڤانانی ھەسەدە 9 گوند لە دەستی داعش رزگار دەكەن
ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە پێشڕەویدان بەرەو رەققە
K24 – رەققە
لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فوڕات" شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات "ھەسەدە" لە پێشڕەویدان بەرەو سەنتەری شاری رەققە.
جیھان شێخ ئەحمەد گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فوڕات" بە كوردستان24 گوت: "لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا تا ئێستا 9 گوندی دیكە لە دەستی چەكدارانی داعش رزگاركراون".
قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکردبوو.
قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەش رۆژی 10 كانوونی یەكەمی 2016 دەستیپێكرد و ھەردوو قوناغەكە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوچوون.
رۆژی 4 شوباتی 2017 ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوڕات لە كۆنگرەیەكەی رۆژنامەوانیدا قۆناغی سێیەمی رایگەیاند.