نەیانتوانی بەرھەم ساڵح قایل بكەن
مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان و ئاڵۆڕی لە پۆستە حكومییەكانی كۆبووەتەوە
K24 – سلێمانی
دوای ئاشتبوونەوەی ھەردوو باڵی ناوەندی بڕیار بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ و باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی بە سەرپەرشتی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، لە ماوەی ھەفتەیەكدا ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دووەم كۆبوونەوە، بەڵام بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی ئەو حزبە بەشداری لە كۆبوونەوەكە نەكردووە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، لە رێگەی كەسە نزیكەكانی لەھەردوو باڵەكەی یەكێتی ھەوڵدراوە بەرھەم ساڵح بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بكات، بەڵام بۆ جاری دووەم داواكەی رەتكردوەتەوە، پێش كۆبوونەوەی شەممەی رابردووش لەلایەن پاڤێڵ تاڵەبانی كوڕی سكرتێری گشتی یەكێتی وەك نوێنەری بنەماڵەی تاڵەبانی داوا لە بەرھەم ساڵح كراوە بێتە كۆبوونەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان، تاوتوێكردنی پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان و ئاڵوگۆڕە لە پۆستە حكوومییەكانی یەكێتی لە حكوومەتی ھەرێم و بەغدا، دكتۆر بەرھەم كە لە كابینەی شەشەمی حكوومەتی ھەرێم لەسەر پشكی یەكێتی سەرۆك وەزیران بوو، رەنگە زیاتر لە سەركردەكانی دیكەی یەكێتی ئاگاداری پۆست و كاروباری حكوومەت بێت، بەڵام بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكردووە.
بۆ وردەكاری زیاتر لەسەر ھۆكاری بەشدارینەكردنی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كوردستان24 پەیوەندی بە چەند سەركردە و كادیرێكی نزیك لە دكتۆر بەرھەم كرد، ھەندێكیان ئامادەنەبوون قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن و ھەندێكی دیكەش بەردەست نەبوون.
