دیداری ئاوەدانکردنەوە بەڕێوەدەچێت

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە ھەماھەنگی زانکۆی سەڵاحەدین دیدارێکی ئەندازیاری- تەکنیکی رێكدەخات

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە ھەماھەنگی زانکۆی سەڵاحەدین دیدارێکی ئەندازیاری- تەکنیکی لەژێرناونیشانی (دیداری ئاوەدانکردنەوە) سازدەکات.

دیدارەكە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە 21و22/2/2017 لەھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا و سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری ھەولێر سازدەکرێت، مەراسیمی دەستپێکی دیدارەکە لە کاتژمێر 10:30 بەیانی رۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی دەست پێدەكات،

لەم دیدارەدا چەند پانێلێک لەبوارەکانی ئەندازەو بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە بەڕێوەدەچێ و لە مەراسیمی کردنەوەی دیدارەکەدا ژمارەیەک وتار پێشکەش دەکرێن و لە دوو نمایشی ڤیدیۆییدا چالاکییەکانی وەزارەت و نمایشێکیش لەبارەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال بۆ ئامادەبووان نمایش دەکرێ.

بڕیاریشە لە ئێوارەی یەکەم رۆژ و بەیانی و ئێوارەی رۆژی دووەمدا لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەڵاحەدین چەند پانێلێک لە بوارەکانی (دیزاینی رێگاوبان، باڵەخانەی ھاوڕێی ژینگە، کەرستەی بیناسازی و تاقیگەی بیناسازی) بەڕێوەدەچن و پسپۆڕانی بیانی و ناوخۆیی گفتوگۆ دەکەن لەسەر پرسەکان و لە داھاتوودا وەک نەخشە رێگا بۆ کارکردنی وەزارەت و حکوومەت بەکاردەھێنرێ.