ئەنجێلینا جولی باس لە كاتە سەختەكەی دەكات
ئێستا تەركیزی خستووەتە سەرھەر شەش منداڵەكانی
K24 - ھەولێر
ئەكتەری ھۆڵیوۆد ئەنجێلا جولی جیابوونەوە لە ھاوژینەكەی بە كاتی سەخت بەناو دەكات و دەڵێت "ھەمیشە وەك خێزانێك دەمێنینەوە"
ئەنجیلا جولی بەر لە نمایشكردنی فیلمی "یەكەمجار باوكی منیان كوشت" لە كەمبۆدیا لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ بی بی سی باس لە فیلەمەكەی و خەڵكی كەمبۆدیا كرد، كە فیلمەكەی سەرگوزەشتی ئەم وڵاتە پیشان دەدات، بە تایبەتی ئەوكاتەی دوو ملیۆن كەس كوژران.
لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی جیابوونەوە لە مێردەكەی، براد پیت، جولی گوتی "نامەوێت لەو بارەوە زۆر شت بڵێم، تەنیا ئەوە دەڵێم كە كاتێكی زۆر سەخت بوو و ئێمە خێزانێكین و ھەمیشە وەك خێزانێك دەمێنینەوە".
گوتیشی ئێستا تەركیزی لەسەر منداڵەكانییەتی.
جولی و براد لە ساڵی 2004ـەوە پێكەوە دەژیان، بەڵام لە ساڵی 2014 ھاوسەرگیریان كرد.
ئەنجێلینا لە مانگی ئەیلولی 2016 داواكاری جیابوونەوەی لە براد تۆمار كرد و سەرپەرشتی ھەر شەش منداڵەكانیشی لەئەستۆ گرت، پاش ئەوەی بۆ خۆی داوای كردبوو.
جولی پاش جیابوونەوەی لە براد، بۆ یەكەمجار لەگەڵ شەش منداڵەكەی لە شاری سیێم ریپ لە كەمبۆدیا بەدەركەوت.
ئەنجیلا جولی وەك باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی و یونیسێف سەردانی زۆرێك لە كەمپەكانی پەنابەران لە زۆرێك لە وڵاتانی جیھان كردووە.
JS
