ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی تاوتوێی گۆڕانكاری لە پۆستەكان دەكات
گفتوگۆ لەبارەی نەخشە رێگا و رێككەوتنەكەی گۆڕان دەكرێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی چەند پرسێكی ناوخۆیی حزبەكە و رێككەوتننامەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە.
بە گوێرەی میدیای فەرمی ئەو حزبە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كه‌ن و گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێ بە نه‌خشه رێگاكه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ناكۆكییه سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانی یه‌كێتی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ گۆڕان و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه بڕیاره له چه‌ند پۆستێكدا بیكه‌ن.
لە چەند رۆژی رابردوودا مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانیدا بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستە حكوومییەكانی كوردستان و بەغدا و چەند ئۆرگانێكی نێوخۆی حزبەكەیداوە، بە گوێرەی زانیارییەكان یەكێتی دەیەوێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیارەكە پەسند بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەھۆی كێشەی نێوان باڵەكانی نەیدەتوانی كۆبوونەوە ئەنجامبدات، ئەم كۆبوونەوەی دوای ئەوە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە سێ جار بەبێ دكتۆر بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كۆبووەوە، ھەرچەندە میدیای فەرمی ئەو حزبە رایگەیاندووە كە سەرجەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەبن، بەڵام تا ئێستا دیارنییە بەرھەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات یان نا.