له خولی نایابی كوردستان چه‌ندان یاری چاره‌نووسساز و مێژوویی به‌ڕێوه‌یه
مه‌رجی برینی بلیتی چوارگۆشه‌ی زێرین له‌گه‌ڵ بارودۆخی یانه‌كان له‌م راپۆرته‌دا بخوێنه‌وه
له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سبه‌ی پێنجشه‌ممه به ئه‌نجامدانی 3 یاری كۆتایی به قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی خوله‌كه دێت و ناسنامه‌ی دوو یانه‌ی سه‌ركه‌وتوو بۆ قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینیش ئاشكرا ده‌بێت.

كه‌ركووك ـ ئارارات
ئه‌م یارییه چاوی سه‌رجه‌م میدیاكانی باشووری كوردستانی له‌سه‌ره، به‌وپێیه‌ی زۆر نزیكه بلیتێكی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرین له نێوان ئه‌م دوویانه‌یه یه‌كلایی بێته‌وه، به بردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان راسته‌وخۆ بۆ قۆناخی داهاتوو ده‌په‌ڕنه‌وه، هه‌ردووكیان به 16 خاڵ پله‌كانی سێیه‌م و چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كانیان گرتووه.

شێروانه ـ زاخۆ
یانه‌ی زاخۆ به 17 خاڵ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه و سبه‌ی پێنجشه‌ممه له شارۆچكه‌ی كه‌لار ده‌بنه میوانی یانه‌ی شێروانه، زاخۆ به یه‌كسانبوون و بردنه‌وه راسته‌وخۆ بۆ قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرین سه‌رده‌كه‌وێت، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی شێروانه به سه‌ركه‌وتن راسته‌وخۆ بلیتی قۆناخی داهاتوو ده‌بڕێت، شێروانه بهیهكسانبوونیش سه‌رده‌كه‌وێت، به مه‌رجێك یاریی نێوان كه‌ركووك و ئارارات به‌یه‌كسانبوون كۆتایی بێت.
مێژوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی كام یانه‌یه
یانه‌ی زاخۆ له مێژووی خۆیدا 5 جار بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه سه‌ردانی گه‌رمیانی كردووه و ته‌نیا یه‌كجار به بردنه‌وه بۆ بادینان گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئه‌ویش له وه‌رزی 2012 ـ 2013 بوو، كاتێك به گۆڵێكی بێ‌وڵام 3 خاڵی یارییه‌كه‌ی له قورگی كهلارییهكان ده‌رهێنا، له 2 یاریش له دۆزه‌خی یاریگه‌ی شێروانه رزگاریان نه‌بووه و به شكست یاریگه‌ی جێهێشتووه، له 2 یاریش یه‌كسانبوونه.

سیروانی نوێ ـ گاره
یانه‌ی گاره بۆ دۆزینه‌وه‌ی تروسكایه‌كی لاواز بۆ مانه‌وه له خولی نایابی كوردستان گه‌شتی سلێمانی كردووه، ته‌نیا به یه‌ك مه‌رج ده‌توانێت له دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌ك رزگاری بێت، ئه‌ویش بردنه‌وه‌یه به 5 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر، ئه‌مه‌ش ته‌نیا پێویستی به موعجیزه‌یه، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی سێروانی نوێ به راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی ئه‌م وه‌رزه باجی گۆڵنهكردنیان داوه و له هه‌موو شتێك بێهیوا بوونه، ته‌نیا ده‌بێت هه‌وڵ بۆ سه‌رنه‌گرتنی موعجیزه‌كه‌ی گاره بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له خولی نایاب دانه‌بڕێن.
یانه‌ی سیروانی نوێ به كۆكردنه‌وه‌ی 11 خاڵ له خانه‌ی پێشكۆتایی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت، له به‌رامبه‌ردا، یانه‌ی گاره‌ی ناوچه‌ی بادینان به ته‌نیا 8 خاڵ له دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی جێماوه.