دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بۆ مانگی داهاتوو دواخرا

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

دادگای سلێمانی بڕیاری دا سەرەتای مانگی داهاتوو دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی دیکەی هوتێل لالەزار بەڕێوەببات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، دانا تەقیەددین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرچەندە بڕیاربوو دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و دەستگیرکراوانی دیکەی لالەزار دوێنێ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگای سلێمانی دانیشتنەکەی دواخست.

بە گوتەی دانا تەقیەددین، دادگای سلێمانی بڕیاری داوە، رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنەکە بەڕێوەبچێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە پێنجشەممەی رابردوو، 17ـی ئەم مانگە، دانیشتنێکی دیکەی دادگا بۆ وەرگرتنی گوتەی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید بەڕێوەچوو. دوای بەڕێوەچوونی دانیشنەکە، دانا تەقیەدین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە کە خراونەتە پاڵیان.

هەروەها رەخنەیان لە رێکارەکانی دادگا گرت و روونیکردەوە، داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ هێنانی تۆماری کامێراکانی چاودێری و چەندین بەڵگەی دیکە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە.