بارزانی: سەربەخۆیی پرسێكی ناوخۆیی نێوان ھەولێر و بەغدایە
بۆ سەربەخۆیی پێویستمان بە مۆڵەتی ھیچ كەسێك نییە، داوای ئازادكردنی دەمیرتاش و ھەڤاڵەكانیشی دەكات

K24 - ھەولێر
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند مافی چارەنووس مافێكی سروشتی گەلى كوردە.
بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی Frankfurter Allgemeine zeitung رایگەیاند "سەربەخۆیی كوردستان پرسێكی ناوخۆیی نێوان ئێمە و بەغدایە و پەیوەندی بە ئێران و توركیا نییە".
ھەر لەمبارەوە گوتی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەم پرسە پێچەوانەی پرەنسیپی دیموكراسی و مافی مرۆڤ نییە و بۆ ئەم كارەش پێویستمان بە مۆڵەتی ھیچ كەسێك نییە".
سەرۆك بارزانی رۆژی 3 حوزەیرانی 2014 لە سەردانێك بۆ پەرلەمانی كوردستان داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بارەی سەربەخۆیی كوردستانی كرد.
لە وتەیەكدا بۆ ئەم مەبەستە داوای كرد پەلە بكرێت بۆ دەرچوواندنی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بارەی مافی چارەی خۆنووسین.
بارزانی بە رۆژنامە ئەڵمانییەكە رایگەیاند "چۆن دەتوانین وەك وڵاتێكی یەكگرتوو باس لە عێراق و سوریا بكرێت؟ دژ بە یەك بوونەكە لەوە دایە كە زۆرێك لە سیاسەتمەداران ئاگاداری دۆخی ناوچەكەن، بەڵام نایانەوێت دان بەودا بنێن كە سنوورەكانی ئەم دوو وڵاتە بوونەتە بەشێك لە مێژوو".
ھەر لەمبارەوە، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا سەردەمی حكومەتێكی ناوەندی لە عێراق بەسەرچوو، ئێستا كاتی دیاریكردنی چارەنووسی خۆمانە.
بارزانی ھەروەھا ستایشی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیای كرد كە لە ھەموو سیاسەتوانانی توركیا بوێرتر بووە لە ھێنانەدی پرۆسەی ئاشتی.
گوتیشی بەڵام بەداخەوە ھەندێ گۆڕانكاری ھاتوونەتە ئاراوە ، داواشی كرد لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت، "لە پێناو پرۆسەی ئاشتی لە توركیا زۆر گرنگە دەمیرتاش و ھەڤاڵەكانی ئازاد بكرێن".
JS