"نورى مالیکى به رێنمایی تاران و فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران، سەرپەرشتى چەکدارانى پەکەکە دەکات"
"به بەردەوامى کەسانى نەناسراو لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پەکەکە لە شنگال لەنێوان سووریا و عێراقدا هاتووچۆ دەکەن ".
K24 - ههولێر:
شێخ شامۆ، سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالش، رایگەیاند "لەژێر چاودێرى ئێران و سوپاى پاسداران پەکەکە شەڕ له دژى هێزەکانى پێشمەرگە دەکات، ئێران دەیەوێت لە رێگەى پەکەکە ئامانجى لە مێژیینەى خۆی بەدەست بهێنێت کە دروستکردنى هیلالێکى شیعییە لەنێوان عێراق، سووریا و ئێران".

شێخ شامۆ کە هاوکات ئەندامى پەرلەمانى هەرێمى کوردستانە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتوویهتی: "نورى مالکى لەسەر رێنماییەکانی تاران و فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران، سەرپەرشتى چەکدارانى پەکەکە دەکات بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و شەڕ و فیتنە لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە لە سنوورەکە. پەکەکە هیچ ئەجێندایەکى نییە لە شنگال، بەڵکو هەموو ئامانجەکانى پەکەکە لە شنگال خزمەتکردنە بەئەجێنداکانى ئێران".

شێخ شامۆ بەدوورى نازانێت کۆبوونەوە و هاتوچۆ لەنێوان پەکەکە و سوپاى پاسدارانى ئێران هەبێت و دەڵێت "چاوەڕوانکراوە کە هاتوچۆ و هەماهەنگى لەنێوان پەکەکە و سوپاى پاسدارانى ئێران هەیە و کۆبوونەوەش ئەنجام بدەن، چونکە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگە لە شنگال جموجۆڵى بەردەوام لە رێگەى ئۆتۆمبێلى جام رەش له نێوان سووریا و شنگال هەیە، بۆ هیچ کەس نییە رایانگرێت و کەسیش نازانێت ئهوانه کێن و بۆ چ مەبەستێک دەست لە کاروبارى ناوچەکە وەردەدەن".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بەراوردى نێوان پێشمەرگەى لەشکرى رۆژى سەربە هێزەکانى زێرەڤانى و چەکدارانى پەکەکە دەکات و دەڵێت "پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ هێزێکە لەسەر بنەماى نەتەوەیی و مرۆڤپارێزى پەروەردە دراوە، ماوەى زیاتر لە دووساڵە لەشکرى رۆژ لە تەواوى میحوەرەکانى پێشمەرگە بەبێ جیاوازى شەهید دەدات، ئەرکى پێشمەرگە شەڕى ناوخۆ نییە و نەبووە، بەڵام چەکدارانى پەکەکە بەئامانجى شەڕى دژبە پێشمەرگە خۆیان لە شنگال و سنوورەکە جێگیر کردووە. لە هەموو کێشەتر ئەوەیە هەرچى کردەوەى چەوتە بەناوى کوردى ئێزدى دەیکەن".
سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالش، شێخ شامۆ ئاماژە بەسەردانى ئەو شاندە دەدات کە لەلایەن ژمارەیەک کوردى ئێزدى ناو پەکەکە و چەند کەسایەتییەکى ناو حەشدى شەعبى لە کانوونى دووەمى ئەمساڵ بۆ تارانى پایتەختى ئێران ئەنجامیاندا بوو و گوتى: "دەرەنجامى سەردانى ئەو شاندەى گوایە نوێنەرى کوردى ئێزدین بۆ ئێران کە لە پەکەکە و حەشدى شەعبى پێکهاتبوون، ئەو شەڕو ئاڵۆزییەى شنگال و خانەسۆرى بەرهەم هێنا، ئاشکرایە کە پەکەکە لەژێر چاودێرى ئێران و نورى مالکییەوە شەڕى دژى کورد و پێشمەرگە دەکات بۆ ئەوەى شنگال بکەوێتە ژێر دەسەڵاتى بەغدا و تاران".
بەهەمان شێوە سەرۆکى ئەنجوومەنى قەزاى شنگال، وەیس نەواف به ئاژانسهكهی رایگەیاندووه "ئێران لە ناوچەى شنگال و دەورووبەرى پلانێکى مەترسیدارى بۆ چەکدارانى پەکەکە داڕشتووە، ئەگەر هاووڵاتییان پارێزراو نەبن و پەکەکە دەرنەچێت لە ناوچەکە. ئەو کۆمەڵکوژییەى کە داعش بەسەر شنگال و شنگالییەکانى هێنا، ئەوا پەکەکە کارەساتێکى سەدجار گەورەتر بەسەر هاووڵاتییانى شنگال و کوردى ئێزدى دەهێنێتەوە".
دەشڵێت "خراپتر لە داعش پەکەکەیە، چونکە ئەوان بەناوى کوردى ئێزدى زیان بەشنگال و ئێزدیەکان دەگەیەنن و ناوکۆکى لەنێوانیاندا دروست دەکەن. دروستکردنى کانتۆن دژى بەرژەوەندى کوردى ئێزدییە و رێگریکردن لە پێشمەرگە، دروستکردنى بەربەست لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەى شنگال و گەڕانەوەى ئاوارەکان کارى لە پێشینەى پەکەکە بووە لە شنگال".