یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هۆكارى دواكه‌وتنى سه‌ردانى بارزانى بۆ ئێران ئاشكراده‌كات

ئێران ده‌بێت تێبگات ئێمه‌ خاوه‌ن بڕيارى چاره‌نووسسازى خۆمانين

K24 – سلێمانى:

هێمن هه‌ورامی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌راوێزى به‌شداريكردنى له‌ پێنجه‌م ديدارى سلێمانى، تايبه‌ت به‌ كوردستان24  هۆكارى دواكه‌وتنى سه‌ردانى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى بۆ ئێرانى روونكرده‌وه‌.

هێمن هه‌ورامی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌ڵامى پرسيارى كوردستان 24 بۆچى سه‌ردانى سه‌رۆك بارزانى بۆ ئێران دواكه‌وتووه‌، رايگه‌ياند، مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ ناچێت، هه‌ندێك كات ئه‌وان دياريان كردووه‌ گونجاو نه‌بووه‌، چونكه‌ كارى ديكه‌ى هه‌بووه‌ و هه‌ندێك كات بۆ ئه‌وان گونجاو نه‌بووه‌.

گوتيشى: سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كرێت، كۆمارى ئيسلامى بۆ ئێمه‌ وڵاتێكى گرنگ و دراوسێيه‌كى گرنگه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت په‌يوه‌ندييه‌كى دۆستانه‌مان هه‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى ره‌سمى ده‌كه‌ين و له‌ ميونشن سه‌رۆك بارزانى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هه‌تا بڵێيى ئه‌رێنى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئه‌نجامداوه‌ و ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وته‌ى ناره‌سمى ناكه‌ين و ئێمه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌قامگيرى و دۆستايه‌تى ده‌بين بۆ ئێران و سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ نابين و هه‌ندێك تێڕوانينى مه‌قاماتى دينى و سه‌ربازى ئێران تێڕوانينى هه‌ڵه‌يه‌ و ئه‌مه‌ 26 ساڵه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ و با تاران سه‌يرى ده‌وروبه‌رى خۆى بكات بزانێت ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بوونه‌ چه‌ند بوونه‌ و ئايا چه‌ند بار كه‌متر نه‌بوونه‌ له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ سنووره‌كانى ديكه‌يه‌وه‌ لێى كراوه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، سه‌ربه‌خۆيى پرسێكى تايبه‌ت به‌ هه‌ولێر و به‌غدايه‌ و ئه‌و پرسه‌ په‌يوه‌ندى نييه‌ به‌ ئێران و توركياوه‌ و ئێران ده‌بێت تێبگات ئێمه‌ خاوه‌ن بڕيارى چاره‌نووسسازى خۆمانين و ئێمه‌ رێگه‌ ناده‌ين نه‌ ئێران و نه‌ هيچ وڵاتێكى ديكه‌ له‌ باتى ئێمه‌ بڕيار له‌ چاره‌نووسى ئێمه‌ بدات.