یادی 26 ساڵەی راپەڕینی ھەولێر دەكرێتەوە

نۆیەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت

K24 - ھەولێر

دوای رزگاركردنی چەند شاروشارۆچكەیەكی كوردستان لە 11 ئاداری ساڵی 1991 خەڵكی ھەولێر بە پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دژی ستەم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕین و شارەكەیان رزگاركرد.

لەگەڵ رزگاربوونی ھەولێر رژێمی بەعس بە تەواوی ورەی داروخا و چەندین فیرقە و سەربازگەكانی سوپای عێراقی ئەوكات چۆڵكران و خۆیان بە دەستەوەدا، لەبەرامبەردا پێشمەرگە خەڵكی كوردستان بە ورەبەرزیەوە، بەرەو كەركووك و ناوچەكانی دیكە ھەنگاویان نا و نەورۆزی ئازادیان لە كەركووك پیرۆزكرد.

دوای 25 ساڵ ئێستا ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو بوارێكەوە پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە و بووەتە ناوەندێكی گرنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیھان.

لە یادی 26 ساڵەی رزگاربوونی ھەولێر بڕیارە ئەمڕۆ "نۆیەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز" دەست پێبكات و چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوەبچن.

بە گوێرەی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00 پێش نیوەڕۆ لە پارکی شار بەرامبەر چایخانەی مەچکۆ چالاکییەکانی یەکەم رۆژی "نۆیەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز" بە کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی وێنەکانی راپەڕین و شەهیدانی راپەڕین و سروشتی کوردستان و رێوڕەسمی کردنەوەی سەکۆی هونەر، بە ئامادەبوونی جەماوەر و بەرپرسان دەست پێدەکات، ئێوارەی هەمان رۆژ کاتژمێر 04:00 ئێوارە لە پارکی شانەدەر ئاهەنگ و چالاکیی هونەری ساز دەکرێت.

یادی 26 ساڵەی راپەڕینی ھەولێر دەكرێتەوە
یادی 26 ساڵەی راپەڕینی ھەولێر دەكرێتەوە
Fly Erbil Advertisment