"شاژنه‌كه‌ی داعش" باس له حوكمه‌كانی رێكخراوه‌كه ده‌كات له مووسڵ
بۆچی به شاژنی داعش ناوی ده‌به‌ن
K24 - هه‌ولێر:
كۆنترۆڵكردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە ئەزموونێكی نوێ بوو بۆ ڕێكخراوێكی توندڕەو لە عێراقدا، تەنانەت وەك بەشێك لە لێكۆڵەران بۆی دەچن چاوەڕوان نەكراویش بووە چونكە ژمارەی چەكدارانی داعش ئەو كات بەشی ئەوەی نەدەكرد كۆنترۆڵی ئەو رووبەرە فراوانە بكات ھەر بۆیە یەكێك لەو رێگایانه‌ی كە داعش گرتیەبەر، دامەزراندنی ھێزێكی چەكداری تایبەت بە ژنان بوو لەم پاكێجه‌دا سەرنجتان بۆ چیرۆكی دوو ژنە چەكداری ئەو رێكخراوە رادەكێشین كە یەكێكیان نازناوی شاژنی داعش لێنراوە و یه‌كێكیان باس له چارەنووسی بەشێك لە منداڵە ئێزدییەكانی دەستی داعش دەكات.
داعش هه‌وڵیدا كه مووسڵ بۆ زۆرترین كات له‌ژێر دەسەڵاتیدا بمێنێته‌وه ھەر بۆیە په‌نای بۆ چه‌كداركردنی منداڵان و دواتریش ژنان برد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كه‌تیبه‌یه‌كی تایبه‌ت به ژنان درووستكرا كه ناوی كه‌تیبه‌ی خهنسایە و یه‌كێك له تۆقێنه‌رترین ئامرازی ده‌ستی داعشە.
یاس كه به شاژنه‌كه‌ی داعش ناسراوه ئه‌ندامی ئه‌و كه‌تیبه‌یه بووه ئه‌و دان به‌وه‌دا ده‌نێ كه تا توانیویه‌تی به‌رگری له داعش كردووه و یاساكانی داعشی به‌سه‌ر ژن و كچانی مووسڵدا سه‌پاندووه بەم جۆرە ژنان دووجار بوونەتە قوربانی جارێك بە دەستی پیاو و جارێكی دیكە بە دەستی چەكدارە ژنەكانی داعش.
ئه‌و ده‌ڵێت: "کەسێكم دەناسی بە ناوی ئوم عەلی ئەو منی برد بۆ ناوچەی باب ئەلتۆبی مووسڵ لەوێ ناوم تۆمار كرد تا ببمە فەرمانبەر لای دەوڵەتی ئیسلامی ، لەوێ لە بەشی حسبە كارم كرد كاری من تەنھا جەلدە لێدان بوو ھەر ئافرەتێك دەستكێشی لەدەستنەكردایە یان پەچەی لەسەر نەبوایە یان ھەر شوێنێكی جەستەی دیار بوایە من نزیكەی پەنجا تا سەد جەلدەم لێدەدا ،كە لێمدەدان ئەوان ھاواریان دەكرد بەڵام من دڵی خۆمم دەگوشی و توندتر لێمدەدان. من لە مووسڵ چەند ھەفتەیەك مەشقی چەكداری و عەقیدە و نیكاحیشم كرد".
ئەو زۆر ھەوڵی دەدا زانیارییەكان بشارێتەوە, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێك زانیاری دركاند كە سەلمێنەری ئەوە بوون یاس و ھاوشێوەكانی بە تەواوی بڕوایان بەو كارە ھەبووە كە كردوویانە.
له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "باوكم مردووە و دایكم ماوە برایەكەم چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی بوو و لە بۆمبارانێكدا كوژرا ، لە سەرەتادا من شووم بە كوڕی مامێكم كرد كە زۆر لەخۆم گەورەتر بوو بەڵام دواتر وازملێھێنا و شووم كرد بە چەكدارێكی دەوڵەتی ئیسلامی كە لەخۆم بچووكتر بوو و لەدایكبووی ساڵی 1995 بوو ئەو ناوی نوورەدینە و ئێستا ئەویش دەستگیركراوە, نازناوم ئوم جەنات بوو و ھەفتانە نزیكەی پەنجا ھەزارم وەردەگرت بەڵام ھەبوو زیاتری وەردەگرت".
له باره‌ی چۆنیه‌تی هه‌ڵاتن و جێهێشتنی مووسڵیش ده‌ڵێت: "كە سوپا ھاتە بەری چەپی مووسڵ من لەوێ بووم نەمتوانی رابكەمە بەری راست چونكە پردەكان تەقێندرابوونەوە ، ئیتر ھاتمە كەمپ و لەوێ دوای پازدە رۆژ پێیانزانیم و دەستگیریان كردم، زۆر پەشیمانم گەر كات بگەڕێتە دواوە نابمەوە بە ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی چونكە حوكمڕانی دەوڵەتی ئیسلامی زەلیلی بوو".
چەكدارە ژنەكانی داعش یەك و دوان نین, عەترە چەكدارێكی دیكەی ئەو رێكخراوەیە كە ماوەیەك ھاوشێوەی یاس لە حسبە و ماوەیەكی دیكەش وەك برینپێچ كاری كردووە.
عه‌تره، ده‌ڵێت: "چووم ویستم كار بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بكەم گوتیان بەر لە ھەموو شت دەبێ بەیعەت بدەی منیش بەیعەتم دا و ماوەیەك لە حیسبە و دواتر وەك پەرستار بۆ ماوەی سێ مانگ كارم بۆ كردن، دواتر كە كوڕەكەم سووتا ناچار رامكرد ھاتم خۆم رادەستی ھێزەكانی پێشمەرگە كرد لە نێوان تەل شەعیر و سوڵتان عەبدوڵڵا بوون".
عه‌تره، سه‌باره‌ت به كاركردن و وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌كو مووچه له ماوه‌ی كاركردنی به مانگانه پێی دراوه، ده‌ڵێت: "مووچەی من 372 ھەزار بوو و ھەفتەی سێ رۆژ دەوامم دەكرد كاری من لە حسبە سەپاندنی نیقاب و نەھێشتی ئەو كردەوانە پێچەوانەی یاساكانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو".
عه‌تره دایكی چوار كوڕ و دوو كچه، كچه‌ی گه‌وره‌كه‌ی 16 ساڵانه و بچووكه‌كه‌شی 3 ساڵ، ئه‌و ئێستا هاوسه‌ره‌كه‌شی ده‌ستگیركراوه، پێشتر له ژێر ده‌ستی داعش، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌یعه‌تی به "خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش" نه‌داوه، وه‌ك خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، به‌كافر دانراوه، به گوێره‌ی حوكمه‌كانی داعش‌یش "پیاوی كافر" وه‌ك هاوسه‌ر بۆ ژنی موسڵمان رێگه‌پێدراو نییه.
یەكێك لە كارەكانی داعش بە كۆیلەكردنی منداڵانی كوردی ئێزدی بوو، لەم بارەیەوە پرسیارمان لە عەترە كرد و بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە: "منداڵە ئێزدییەكان لە نێوان چەكدارانی داعش كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا و بەشێكیشیان وەك كەنیزە ھەندێكیش بۆمبڕێژ دەكران و بۆ كردەوەی خۆكوژيی بەكاردەھێندران".
له باره‌ی ئاڵ‌وگۆڕكردن و گۆڕینه‌وه‌ی هاوسه‌ران له‌نێو چه‌كدارانی داعش، عه‌تره ده‌ڵێت: "چەكدارانى داعش تەنانەت ژنەكانی خۆشیان دەدا بە یەكدى, بۆ نموونە چەكدارێك دەھات و دەیگوت ژنەكەتم دەوێ ئەویش دەیگوت پێشكەشت, بێ ئەوان ھەر كچێكیان بویستایە, بۆ ماوەیەك مارەیان دەكرد و دوایی تەڵاقیان دەدا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆر بیری منداڵەكانم دەكەم بە تایبەتی كچە بچووكەكەم تەمەنی سێ ساڵە و ناوی ئەحلامە".
یاس و عەترە نموونەی دوو چەكداری داعشن كە ڕەنگە لە زۆر شت‌دا جیاواز بن بەڵام ئەوی ئەوان و ھەموو چەكدارێكی دیكەی داعش پێكەوە كۆدەكاتەوە ئەوەیە كە لەكاتێكدا پەشیمان بوونەتەوە كە بە ھیچ شێوەیەك پەشیمانی ناتوانێ یارمەتیدەریان بێت.