دادگایەكی ئەمریكا دووەم بڕیاری ترەمپی دژی كۆچبەران ھەڵپەسارد

بڕیارەكە چەند كاتژمێر بەر لە جێبەجێكردنی ھەڵپەسێردرا

K24 - ھەولێر

چەند كاتژمێرێك بەر لەوەی دووەم بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی كۆچبەران جێبەجێ بكرێت، لە لایەن دادوەرێكی فیدراڵ لە ویلایەتی ھاوایی بە شێوەیەكی كاتی ھەڵپەسێردرا.

رویتەرز بڵاوی كردەوە دادوەر دێرك واتسۆن بە ھەڵپەساردنی بڕیارە نوێیەكەی ترەمپ رایگەیاند ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستووری ئەمریكایە لە بارەی پێشیگرتن بە جیاوازی ئاینی.

گوتیشی ئەم بڕیارە دەبێتە ھۆی  ئەوەی ھەندێ لە دانیشتوانانی ویلایەتەكە لە پێشوازیكردنی ئەندامانی خێزانەكانیان بێبەش بكرێن.

دادوەر واتسۆن ھەر چەندە باس لە ھەندێ گوڕانكاری لە بڕیاری نوێی ترەمپ لە بەراورد لەگەڵ بڕیارە پێشووەكەی كرد بۆ وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەكان، بەڵام پێی وایە لە بنەماوە وەك بڕیارەكەی پێشووە.

پاش ئەوەی دادگای فیدراڵ بڕیاری پێشووی ترەمپ دژی ھاووڵاتیان ۆ كۆچبەرانی حەوت وڵاتی بە زۆرینە موسڵمانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ھەڵوەشاند، ھەوڵی دەركردنی بڕیارێكی دیكەیدا، كە بە پێی ئەو پێشنووسەی بڵاوكراوەتەوە، ھەندێ گۆڕانكاری لە بڕیاری پێشوودا كراوە. لە وانە ناوی عێراق لە بڕیارەكە دەرھێناوە، ئەوانەی بەر لە بڕیاری یەكەمی ترەمپ ڤیزای ئەمریكایان ھەیە نایانگرێتەوە، ھەروەھا خاوەن گرین كارتەكانیش نایانگرێتەوە و لە بەرامبەردا دەست بە دەركردنی ئەم كۆچبەرانە دەكات كە مافی مانەوەیان لە ئەمریكا پێیان نەدراوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی 27  كانوونی دووەمی رابردوو بڕیاریدا بۆ ماوەی 90 رۆژ ھاتنی ھاووڵاتیان ھەر 7 وڵاتی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵ  بۆ ئەمریكا قەدەغە بكرێت، لەگەڵ قەدەغەكردنی 120 رۆژ وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەم 7 وڵاتە.

لە یەكەم ھەنگاوی یاسایی گشتگیر بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ، دادوه‌ری فیدراڵی له‌ سیاتڵی ئه‌مریكا جەیمس رۆبارت رۆژی 3 شوباتی 2017 بڕیاركەی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا  بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاتنی هاووڵاتیانی 7  وڵاتی زۆرینه‌ موسوڵمان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ھەڵوەشاند و به‌سه‌ر هه‌موو ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا گشتاند، پاش ئەوەی پێشتر ھەندێ دادوەر لە چوارچێوەی ھەندێ دۆسیەی تاكەكەسی كاركردن بە بڕیارەكەی ترەمپیان ھەڵوەشاند.

دوای ئەوەی ترەمپ تانەی لە بڕیاری دادوەركەدا، سێ دادوەر پاش گوێگرتن لە پارێزەرانی ئیدارەی ترەمپ، داواكاری سەرۆكەكەیان رەتكردەوە بۆ دووبارە كارپێكردن بە بڕیاری قەدەغەكردنی ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی ھەر 7 وڵاتی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵ بۆ ئەمریكا.

پێش ئەوەی بڕیاری دووەمی ترەمپ دەربچێت، ھەندێ لە ویلایەتەكانی ئەمریكا لە وانە مەریلەند، واشنتۆن، ماساچوست، نیویۆرك، مینێ سۆتا و ئورگن دژی بڕیارەكە ھەنگاویان گرتەبەر.

بڕیاربوو، دووەم بڕیاری جێبەجێكاری ترەمپ دژی كۆچبەران رۆژی پێنجەشەممە 16 ئادار جبێەجێ بكرێت، كە لە سەرەتای مانگی ئادار دەرچوو، بەڵام رۆژێك بەر لە جێبەجێكردنی، لە لایەن دادوەری فیدراڵ دێریك واتسۆن لە ویلایەتی ھاوایی بە شێوەیەكی كاتی ھەڵپەسێردرا.

 JS