زەیدی: کار بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و پتەوکردنی ئاسایش بکرێت
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لە وەزیران و فەرماندە ئەمنییەکانی کرد، تێیدا پێشهاتە ئەمنییەکانی ناحیەی جورف سەخر و ئامادەکارییەکانی ئاڵوگۆڕپێکردنی یەکە سەربازییەکان تاوتوێ کران.
پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی وەزیران و فەرماندە ئەمنییەکانی کرد بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکانی جورف سەخر.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنییەکانی ناحیەی جورف سەخر خرانەڕوو، هەروەها گفتوگۆ لە بارەی ئامادەکاری و رێکارە بەردەوامەکانەوە کرا بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی یەکە سەربازییەکان لە چوارچێوەی کەرتەکانی بەرپرسیارێتیدا، بە شێوەیەک کە سەقامگیریی دۆخی ئەمنی بە دی بهێنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لە پێویستیی پابەندبوون بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی و مامەڵەکردنی پیشەییانە کردەوە، لە پاڵ کارکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و پابەندبوونی تەواو بە رێنمایی و فەرمانە سەربازییەکان، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.