یەكێتی: حەیدەر شەشۆ حزب رابگەیەنێت قسەی خۆمان دەبێت

"تا ئێستا حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتییە"

K24 - سلێمانی

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حەیدەر شەشۆ تا ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتییە و ئەگەر حزب رابگەیەنێت ھەڵوێستمان دەبێت.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و بەرپرسی ھێزی پاراستنی ئێزدیخان رایگەیاند، کە مۆڵەتی دروست کردنی حزبێکی نوێی بە ناوی"پارتی ئێزدی دیموکرات" لەحکوومەتی عێراقی وەرگرتووە و لە ھەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەتە، لەسەر ئەو پرسە لەتیف نێرۆیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24رایگەیاند: "حەیدەر شەشۆ ھەرچەندە زیاتر لە 2 ساڵە ھیچ چالاکیەکی لەناو یەکێتیدا نییە، بەڵام تا ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتییە".

لەتیف نێرۆیی گوتیشی: "لە ئێستادا نامانەوێت ھیچ قسەیەک لە بارەی حزبی نوێی حەیدەر شەشۆوە بکەین، ھەرکاتێکیش حزبی راگەیاند قسەی خۆمان دەبێت".

حەیدەر شەشۆ ئاشكرای كردووە، ھێزی پاراستنی ئێزدیخان کە خۆی بەرپرسیەتی بە ھیچ جۆرێک ناخرێتە چوارچێوەی حزبە نوێیەکەیەوە، چونکە بە گوتەی ناوبراو ھێزەکە لەھەموو لایەک پێکھاتووە و بەتەنھا ھی لایەنێک نییە.

  حەیدەر شەشۆ راشیگەیاندووە، لە 3/8/2014 ھیچ چالاکییەکی لە ناو یەکێتی نەماوە و  ھەر کاتێک حزبەکەی راگەیاند، بە فەرمی واز لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەھێنێت.

ھێزی ئێزدییخان کە لە 4 ھەزار چەکدار پێکھاتووە، بەفەرمی لەقۆناغی یەکەمدا ھەزار چەکداریان دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و حەیدەر شەشۆ لەسەر ئەوپرسە دەڵێت: "تەواوی ئەندامانی ھێزەکەی دەکرێن بە فەرمی".