ورده‌كارى ديدارى سه‌رۆك بارزانى و باڵيۆز و كونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتان له‌ هه‌ولێر

باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان لە نزیكەوە چاویان بە سەرۆك بارزانی كەوت

K24 – هه‌ولێر:

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی كوردییه‌وه‌، میوانداریی ژماره‌یه‌ك باڵیۆز و كۆنسووڵ و نوێنه‌ری وڵاتان و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌ هاتووه‌: له‌ سەرەتای مه‌راسیمه‌كه‌دا، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتاری حكوومه‌تی هه‌رێمی پێشكه‌ش كرد، له‌ وتاره‌كه‌دا سوپاس و به‌خێرهاتنی میوانانی كرد، باسی بایه‌خی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزی له‌ ژیان و مێژووی گه‌لی كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر مافی گه‌لی كوردستان بۆ دیاركردنی چاره‌نووسی خۆی.

هه‌ر له‌وتاره‌كه‌دا، سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یمانانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعشدا یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان داوه‌ و پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: باڵیۆزی وڵاتی به‌حرێن، له‌ جیاتی باڵیۆز و كۆنسووڵ و نوێنه‌ری وڵاتان و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا پیرۆزبایی نه‌ورۆزی له‌ سه‌رۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد، پێزانینیشی هه‌بوو بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی كوردستان، هه‌روه‌ها ستایشی رۆڵی سه‌رۆك بارزانی كرد له‌ دابینكردنی ئارامی و بوژانه‌وه بۆ هەرێمی كوردستان‌، هاوكات هیوای پێشكه‌وتنی زیاتری بۆ گه‌لی كوردستان خواست.

ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، هەر لەو مەراسیمەدا باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان لە نزیكەوە چاویان بە سەرۆك بارزانی كەوت و وێڕای سوپاسكردنی سەرۆك بارزانی جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.