داعش پشتێنی بۆمبەڕێژكراو بە منداڵێكی 7 ساڵی دەبەستێتەوە
ھێزەكانی عێراق پوچەڵیان كردەوە
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی عێراق لە ناو حەشیمەتی ئاوارەكانی رۆژئاوای موسڵ منداڵێكی 7 ساڵی دەدۆزنەوە، كە بە پشتێنێكی بۆمبەرێژكراو بۆ خۆ تەقاندنەوە لە ناو سوپای عێراق نێردرابوو.
بە پێی ئەو ڤیدیۆیەی لە LiveLeak بڵاوكراوەتەوە، سەربازێك لە سەرەخۆ وایرەكانی پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكە دەپچڕێنێت و پشتێنەكە دەكاتەوە و بە منداڵەكەشی دەڵێت مەترسە.
ئەم منداڵەناوی عودەیە و كراسێكی وەرزشی لەبەر دایە و ناوی ئەستێرەی تیمی چێلسی، "ئەدەن ھازارد" لەسەری نووسراوە و بە سەربازەكە دەڵێت "عەمو" منی ناردووە و رێنمایی كراوە بۆ ئەوەی سوپای عێراق بكاتە ئامانج.

ئەم سەربازە خۆی بە شارەزای پووچەڵكردنەوەی بۆمب دەناسێنێت و پاش پرسینی ناوی منداڵەكە و كێ ئەو كارەی لەگەڵدا كردووە، بە ئارامی كراسە وەرزشییەكەی منداڵەكە دەردێنێت و دەست بە دەرھێنانی دەزگایەك لە ناو پشتێنەكە و پچڕاندنی وایرێك دەكات و پاشان پشتێنەكە دەكاتەوە و لە قسەكانیشی دیارە سەر بە ھێزەكانی حەشدی شەعبییە.
ئەم رووداوە رۆژی 18 ئادار لە دەرەوەی موسڵ روویداوە، ھاوكاتە لەگەڵ پێشڕەوی ھێزەكانی عێراق لە رۆژئاوای موسڵ و گەڕەكە كۆنەكانی موسڵ كە بە موسڵی كۆن ناسراوە و تا ئێستا زیاتر لە 60% رۆژئاوای شار كۆنترۆڵكراوەتەوە.
ھێزەكانی عێراق چەند سەد مەترێك لە مزگەوتی "النوری" دوورن، ھەر ئەم مزگەوتەی كە بەغدادی لە ساڵی 2015 گوتارێك تێیدا پێشكەش كرد و خلافەتەكەی راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.
رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن و تا ئێستا زیاتر له 60% رۆژئاوای شارهكه له لایهن هێزهكانی عێراق كۆنترۆڵكراوهتهوه.

لە شەڕی رۆژئاوای موسڵ زیاتر لە 3500 كەس كەس كوژراون و نەخۆشخانەیەكی مەیدانی دەزگای خێرخوازی ساماریتانی ئەمریكا چارەسەری بۆ زیاتر لە 1000 نەخۆش و بریندار كردووە و ھەندێكیان منداڵ و ژنن كە بەھۆی گولـلە، مین، ھاوەن، ئۆتۆمبێلی بۆمبەكراو و تەلەی داعش بریندار ببوون. زیاتر لە 181 ھەزار كەس بە دەستپێكردنی شەڕی رۆژئاوای موسڵ تا ئێستا ئاوارە بوونە.
ئۆپهراسیۆنی كۆنترۆڵكردنهوهی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یهكهمی 2016 به بهشداری 100 ههزار كهس له هێزهكانی عێراقی و كوردستانی دهستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.
سەرچاوە: دەیلی مەیل
