ئاسایشی كەركوك دەست بەسەر بڕێكی زۆری چەک و تەقەمەنی دەگرێت
لە كاتی دەستگیركردنی دوو گومانلێكراو لە ماڵەكانیاندا دەست بەسەر ئەم بڕە چەك و تەقەمەنییە گیراوە
K24 - ھەولێر
ئاسایشی كەركوك لە ماڵی دوو گومانلێكراو دەست بەسەر بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنی دەگرێت و ھەردووكیانیشی دەستگیر دهكات.
ئاسایشی كهركوك لە راگەیاندراوێكدا ژمارە و ناوی ئەو چەك و تەقەمەنیانە ئاشكرا دەكات، كە ھێشتا ھۆكاری بوونی ئەو ژمارە چەك و تەقەمەنییە لە ماڵی ئەو دوو گومانلێكراوە ئاشكرا نەكراوە.
دەقی راگەیاندراوی ئاسایشی كەركوك
شەوی رابردوو دواى كوكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد ھێزەکانمان لە ھەڵمەتێکی گەران و پشکنیندا بە ھاوبەشی لەگەل ھێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک توانیویان دوو گومانلێکراو دەستگیر بکەن بە ناوەکانی (ی.ع.ع) و (ب.ع.ع).
ئەم دوو گومانلێکراوە ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیان لە ماڵی خۆیان حەشار دابوو کە بریتی بوو لە (بڕێک مادەی سیفۆر ، دوو قاعيدەی کاتیوشا ، یەک کلاشینکۆف ، یەک غەدارە ، یەک چەکی (m16) ، یەک گولە ئار پی چی، نارنجۆکی دەستی و ھەروەھا ژمارەیەک فیشەک و مەخزەنی دەمانچە و کلاشینکۆف و حەربە و نازور و خوذه و لاپتۆپ و مۆبایل).
تا ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو گومانلێکراوە بەردەوامە بۆ زانینی ھۆکاری بوونی ئەو ژمارە زۆرە چەک و تەقەمەنییە لە ماڵەکەیاندا.
راگەیاندنی ئاسایشی کەرکوک
2017/3/24





