نێچیرڤان بارزانی: شتێك نەماوە بە ناوی عێراقی یەكگرتوو
داوا له ئهمهریكا دهكات راشکاوانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکات
K24 - ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی ئەمریكی جەختدەكاتەوە كە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجامدەدەن، بۆ ئەوەی نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن خەڵكی كوردستان چی دەوێت و مەرجيش نییە راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنن. ئاماژە بەوەشدەكات شتێك نەماوە بە ناوی عێراقی یەكگرتوو و مەحاڵە عێراق بگەڕێتەوە سەردەمی پێش شەڕی موسڵ.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەمساڵ ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئاشکراشی دەکات عێراقی دوای مووسڵ جیاواز دەبێت و داواش لە ئەمریکا دەکات بە راشکاوانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکات.
رۆژنامەنووسی ئەمریکی ترودی روبن، چاوپێکەتنێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژنامەی فیلی ئەمریکا ئەنجامداوە کە تێیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ مەرج نییە لەدوای ریفراندۆمەکە، راستەخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنن، بەڵام بەو ئەنجامە ئەوە پیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدەن کە خەڵکەکە چی دەوێت.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییە لەچاوپێکەوتنەکەیدا دەنووسێ هەرێمی کوردستان باشترین هاوپەیمانی ئەمریکا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئیسرائیلەوە، بۆیە پێویستە ئەمریکا و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەجیدی بیر لەئایندەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنەوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی باڵای حکومەی عێراقی بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەواشنتن بوون و لەگەڵ ترەمپ کۆبوونەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا فواد حوسێن نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی دەکرد و ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کەلەکاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، عەبادی لەبارەی سەربەخۆبوونی کوردستانەوە رایگەیاندووە کە ئەوان لەگفتوگۆدان.
رۆژنامەنووسەکە زیاتر لەبارەی کوردستانەوە دەڵێ ئەمڕۆکە کوردستان، ئاوامترین ناوچەی عێراقە و ئێستاش بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەزاران ئاوارەی مەسیحی و کەمینەکانی دیکەی عێراق.
لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ "ناتوانین بۆ سەردەمی رابردوو بگەڕێینەوە و عێراقی وای موسڵ زۆر جیاوازە لەگەڵ عێراقی پێش موسڵ".
گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆیەکی جیدیمان لەگەڵ بەغدا هەبێت، تەوەکو بگەیەنە چارەسەرێکی کۆتایی"، بەڵام ئاشکراشی دەکات کە تاوەکو ئێستا ئەوەندە پێشەڤەچوون نەبووە لەگفتۆگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر ئەمریکا عێراقی یەکگرتووی دەوێت، لەواقیعدا، شتێک بەناوی عێراقێکی یەکگرتووە نەماوە و پێویستە بەراشکاوانە مامەلە لەگەڵ پرسی کورد بکات".
دواتر نێچیرڤان بارزانی رەتیکردەوە کە تائێستا بە فەرمی لەگەڵ تورکیا لەبارەی سەربەخۆییەوە گفتوگۆ کرابێت، بەڵام سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "تورکیا ئامادەیە گوێ لەو پرسە بگرێت".
سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزی ئەمریکی لە کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "سەرکردایەتی کورد پێشوازی لەوە دەکات ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی لە هەرێم هەبێت".