حەسەن تۆران: بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ناشه‌رعی و ناده‌ستوورییه‌

تۆران: لەسەر درێژەدان بە پەیوەندی برایانەمان له‌گه‌ڵ كورد بەردەوامدەبین

K24 - كه‌ركووك:

حەسەن تۆران، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی ئەو پارێزگایە نادەستوورییە و دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی. جەختیشیکردەوە، بڕیارێکی لەو شێوەیە لەدەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵییە نەوەک ئەنجوومەنی پارێزگا.

حەسەن تۆران، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی, ده‌ڵێت: "ھەر لەسەرەتاوە بڕیارەكە شەرعیەتی كۆمەڵایەتی لەدەستداوە و دەبێتە ھۆی دابەشبوونی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای كەركووك، ئێمە وەكو توركمان لەسەر درێژەدان بە پەیوەندی برایانەمان لەگەڵ پيكھاتەی كورد و عەرەب بەردەوامدەبین، ھەروەھا سەركۆنەی بوونی ھەژموونی پێكھاتەیەك وحزبێك لە سەر پارێزگای كەركووك دەكەین".

سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی بڕیارێكى له‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاوه‌، حه‌سه‌ن تۆران ده‌ڵێت: "ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیاری سیادی دەربكات، چونكە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کەرکووک لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵییە، بابەتی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان پێچەوانەی دەستوورە".