داوا دەكرێت پەرلەمانی كوردستان لە كەركووك كۆببێتەوە

"بە مەبەستی پشتیوانی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك و لەێوە بەرەو کردنەوەی گرێ کوێرەی کێشە یاسایی و سیاسییەکانی دیكە"

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی بڕیاری ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامەزراوە و فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پەسند كرا، دوو پەرلەمانتار داوا دەكەن وەك پشتیوانی بۆ بڕیارەكە پەرلەمانی كوردستان لە كەركووك كۆببێتەوە.

لە وتارێكی ھاوبەشدا كە پێگەكانی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردووەتەوە، ھەر یەك لە سالار مەحموود و گۆران ئازاد پەرلەمانتارانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێن: "پێشنیار دەکەین لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و بەتایبەتی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستان تێکڕا پێکەوە بڕیار بدەن لە رێگەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانەوە بڕیاری دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان بدەن، بەمەبەستی پشتیوانی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و لەێوە بەرەو کردنەوەی گرێ کوێرەی کێشە یاسایی و سیاسیەکانی تر. لێرەوە خوازیارین بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی قۆناغەکە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەهەموو پێکهاتەکانەوە بکەونە گفتوگۆو دانانی رێوشوێنی پێویست و هاوبەش بۆ ئەم پرسە، وەک چۆن لەم خولەی پەرلەماندا دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان لەهەڵەبجە کرا".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا ھاتووە: "بەم هەنگاوەش کەرکووک بە کردەیی بکەینە شوێنی گەڕانەوەی متمانە لەنێوان لایەنەکان و کۆکەرەوەو پاراستنی ماف و ئازادیی و پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکان و هەوێنی ئاشتەوایی و گەڕانەوەی یەکجاریی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان".

 

دەقی وتارەكە

 

پەرلەمان با لەکەرکووک کۆببێتەوە

پێشنیارێک بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم

گرنگە پەرلەمانی کوردستان لە کەرکوک دانیشتنێک بکات بۆ پشتیوانکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگا لەبارەی ئاڵای کوردستانەوە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان با وەک هەوڵێک بۆ ئاسییکردەنەوەی ناو ماڵی کوردستان بقۆزرێتەوە، ئاڵای کوردستان هاوبەشی نێوانمانە وەک چۆن کەرکووک و خەڵکەکەی پێویستە کۆکەرەوەمان بێت. پێشنیار دەکەین لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و بەتایبەتی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستان تێکڕا پێکەوە بڕیار بدەن لە رێگەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانەوە بڕیاری دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان بدەن، بەمەبەستی پشتیوانی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و لەێوە بەرەو کردنەوەی گرێ کوێرەی کێشە یاسایی و سیاسیەکانی تر. لێرەوە خوازیارین بەگیانی هەستکردن بەبەرپرسیارێتی قۆناغەکە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەهەموو پێکهاتەکانەوە بکەونە گفتوگۆو دانانی رێوشوێنی پێویست و هاوبەش بۆ ئەم پرسە، وەک چۆن لەم خولەی پەرلەماندا دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان لەهەڵەبجە کرا لە ۱٦/۳/۲٠۱٥ هەڵەبجە بە کۆدەنگی کرا بە پارێزگا بەو شێوە کەرکووک کۆمان بکاتەوەو بەشێک لە برین و کەلێنەکان ساڕێژ بکات.. لەم چوارچێوەیەشدا گرنگە پەرلەمان بابەتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بەهەند وەربگرێت لە رووی یاساییەوەو بڕیاری هەبێت لە دۆزینەوەی میکانیزمی یاسایی بۆ چۆنێتی بەشداری پێکردنی خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی تر لەهەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان ئەم مەسەلەیەش گرنگیەکەی کەمتر نییە لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پرسێکی چارەنوسسازە. بەپیرەوەهاتنی ئەم داواو پێشنیارە کە ویست و خواستی هەمووانیشە وەفادارییە بۆ خەباتی گەلەکەمان و خوێنی شەهیدەکانی رووبەڕوو بونەوەی داعش و پەیامە میژوویەکانی مەلا مستەفای بارزانی و مام جەلال و بزوتنەوەی کوردایەتی..

بێگومان ئاڵای کوردستان لە کەرکووک یاساییەو ناکۆک نییە لەگەڵ دەستووردا

بەپێی یاسای ژمارە (۱٤)لە ساڵی ۱۹۹۹پەرلەمانی کوردستان ئاڵای کورستان بەفەرمی ناساندوەو هەر بە بڕیاری پەرلەمانیش رۆژی ئاڵا لە کوردستاندا لە ۱۷ی کانوونی یەکەم بە بڕیاری ژمارە(٤۸) رۆژەکە دیاری کراوە. بەپێی دەستووریی هەمیشەیی عیراق کە ساڵی ۲٠٠٥ پەسەند کراوە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی سەلمێنراوە، لەدەقی مادە ۱٤۱ی دەستووری هەمیشەیدا هاتووە کار بەیاساو بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت ئەوانەی لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە ۲٠٠۳ دەرکراوون، ئەمەش هێمای خۆی هەیە. سەبارەت بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانیش بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق نەوتراوە تەنیا ئاڵای عیراق بەرز بکرێتەوە لە کەرکووک یان نابێ ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت.

لەبەر ئەوەی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ ی دەستوور دوا وادە ۳۱/۱۲/۲٠٠۷ ە. لەو ماوە بۆ ئەم دە ساڵە ۲٠۱۷، ئیرادەی گشتی کوردستانیان لە کەرکووک خوازیارن بە تەواوی چارەنووسی شارەکەیان یەکلا بکرێتەوە. ئەنجومەنی پارێزگاش گوزارشتە لە پەیوەندیدارترین دامەزراوەی بڕیاردان لە پرسی ئاڵا. بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە سایەی ئەم ئاڵایەدا تیرۆریستانی داعش لەکەرکوک و دەوروبەری تێکشکێنراو بە سەدان شەهید هەزاران بریندار پارێزگاریان لە ناسنامەی پارێزگاکە

کرد.

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان باببێتە دەرفەتی شەفافیەتی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک و چاکسازیی گشتی و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ خەڵکی کەرکووک وچیتر نەوت لەکەرکووک نەبێتە مایەی مەینەتی بۆ هاونیشتمانییەکانی لەسایەی هەموو دەسەڵاتەکاندا.

بەم هەنگاوەش کەرکووک بە کردەیی بکەینە شوێنی گەڕانەوەی متمانە لەنێوان لایەنەکان و کۆکەرەوەو پاراستنی ماف و ئازادیی و پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکان و هەوێنی ئاشتەوایی و گەڕانەوەی یەکجاریی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

سالار مەحمود_گۆران ئازاد

ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان