نێچيرڤان بارزانى: هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركووك گيانى پێكه‌وه‌ژيان به‌هێزتر ده‌كات

سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان نێچيرڤان بارزانى له‌ باره‌ى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ شارى كه‌ركووك په‌يامێكى بڵاوكرده‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان نێچيرڤان بارزانى له‌ باره‌ى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ شارى كه‌ركووك په‌يامێكى بڵاوكرده‌وه‌.

په‌يامه‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران چه‌ند خوله‌كێك كه‌متر بۆ كاتژمێر 11ى ئه‌مشه‌و له‌ ماڵپه‌ڕى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێيدا هاتووه‌: سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان له‌ سه‌رده‌مى ئۆپۆزیسیۆن و لە ڕۆژەكانی نووسینەوەی دەستووری عیراقیشدا، بە شایەتیی هەموو لایەك بە ئەندازەی كورد، بەرگرییان لە مافی هەموو پێكهاتەكانی دیكه‌ى كەركووك كردووە.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: شكست و پاشه‌كشەی سوپای عیراق لە كەركووك و دەوروبەری زۆر خێراتر بوو لە پاشەكشە و شكستەكەی لە مووسڵ، بەڵام بە هۆی بەهاناوەچوونی دەمودەستی پێشمەرگە و بەرگریی هێزەكانی ئاسایش، خەڵكی كەركووك له‌ هێرشی داعش پارێزران و دەیان هەزار ئاوارەی شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عیراق و دەزگاكانی حكوومەت لەو پارێزگایەدا،  بەبێ جیاوازی لەلایەن پێشمەرگەوە لەژێر ئاڵای كوردستاندا پارێزران.

ئەمە دەقی پەیامه‌كه‌یه‌:

بەڕێزان: پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و هەموو پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك،

بەبۆنەی پەسەندكردنی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ لە دەزگا حكوومییەكانی پارێزگای كەركووك لەگەڵ ئاڵای عیراقی فیدرالیدا، پیرۆزباییتان لێدەكەم و لەو باوەڕەدام ئەوە گیانی پاراستنی پێكەوەژیان و فراوانكردنی هاوبەشیكردنی زیاتری هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای كەركووكدا بەهێزتر دەكات.

بە هەڵواسراوی هێشتنەوەی كێشەی كەركووك و ناوچەكانی مادەی 140ی دەستووری عیراق بە درێژاییی 14 ساڵی ڕابردوو لەلایەن لایەنە باڵادەستەكانی حكوومەتی عیراقەوە، كه‌ بۆ مه‌رامى سیاسی و دروستنەبوونی سەقامگیری و بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كێشەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، هەمیشە بە زاناییی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، سەقامگیرییەكەی پارێزراوە، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ هۆى ئاڵۆزی لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووكدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پاڵی پێوە نەنرێت.

هەروەها سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان له‌ سه‌رده‌مى ئۆپۆزیسیۆن و لە ڕۆژەكانی نووسینەوەی دەستووری عیراقیشدا، بە شایەتیی هەموو لایەك بە ئەندازەی كورد، بەرگرییان لە مافی هەموو پێكهاتەكانی دیكه‌ى كەركووك كردووە.

لە هەمان كاتدا له‌دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسه‌وه‌، هەمیشە كە خەڵكی كەركووك لەبەردەم هێزە تیرۆریستییەكاندا تەنیا جێهڵدراوە، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان كەركووكیان پاراستووە، كە دواترینیان لە كاتی هێرشی داعشدا بوو لە ساڵی 2014.

شكست و پاشه‌كشەی سوپای عیراق لە كەركووك و دەوروبەری زۆر خێراتر بوو لە پاشەكشە و شكستەكەی لە مووسڵ، بەڵام بە هۆی بەهاناوەچوونی دەمودەستی پێشمەرگە و بەرگریی هێزەكانی ئاسایش، خەڵكی كەركووك له‌ هێرشی داعش پارێزران و دەیان هەزار ئاوارەی شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عیراق و دەزگاكانی حكوومەت لەو پارێزگایەدا،  بەبێ جیاوازی لەلایەن پێشمەرگەوە لەژێر ئاڵای كوردستاندا پارێزران.

لەناو دەوروبەرێكی پڕ لە ململانێی لەو شێوەیەدا لە عیراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگای كەركووك، نموونەیەكی باڵای پێكەوەژیان و دوورگرتنی ناوچەكەیان لە ململانێ و شەڕی تایفی، نیشان داوە.

لەو باوەڕەداین دوای ئەو بڕیارە فەرمی و ڕەوایەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، هەنگاوەكانی فراوانتربوونی هاوبەشیكردنی هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی كەركووكدا بەهێزتر دەبن و دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك كە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هاوشان و یەكسان، بنەمایەكی قووڵە لە باوەڕی هەموو خەڵكی كوردستاندا.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان

29/3/2017