ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك: بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق جێبه‌جێ ناكه‌ین
2 ملیۆن سووننه له‌سایه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌دا حه‌ساونه‌ته‌وه
K24 - كه‌ركووك:
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌وان پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق نابن.
دوای هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر داموده‌زگا حكوومییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك، ئه‌مڕۆ 1ی نیسان/ ئه‌پریلی 2017، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به 107 ده‌نگ بڕیاریدا كه ده‌بێت ته‌نها ئاڵای عێراق هه‌ڵبكرێت.
رێبواری تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند، ئه‌و ئاڵایه‌ی په‌رله‌مانی عێراق باسی هێنانه خواره‌وه‌ی ده‌كات، هه‌موو پێكهاته‌كان ناخۆشی زۆرییان به‌ده‌سته‌وه بینیوه و نه‌ده‌بوو ئه‌و بڕیاره بده‌ن.
دووپاتیشیكرده‌وه، مه‌حاڵه ئه‌و ئاڵایه بهێندرێته خواره‌وه و گوتی: "بڕیاری هه‌ڵدانی ئاڵاكه، بڕیارێكی ده‌ستوورییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و ئاڵای كوردستان نزیكه‌ی 2 ملیۆن سووننه له سایه‌یدا حه‌ساونه‌ته‌وه.
رێبوار تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه به ته‌نها كورد له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌نگی بۆ هه‌ڵكردنی ئه‌و ئاڵایه نه‌دا و ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی دیكه‌ش ده‌نگییان پێداوه و گوتی: "سوپاسیان ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، داوا له فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كات كه ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق ره‌تبكاته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد.
خستنه به‌رنامه‌ی كاری ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، له‌كاتێكدایه، كه ئارام شێخ محه‌مه‌د، له پشكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانه و له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌ماندایه.