به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك بارزانى مه‌كته‌بى سياسى پارتى و يه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سياسى پارتى و يه‌كێتى به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك بارزانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

K24 – هه‌ولێر:

بڕياره‌ سبه‌ى به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌كته‌بى سياسى هه‌ردوو لايه‌نى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان كۆببنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌كانى كوردستان 24، هه‌ر يه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى جێگرى يه‌كه‌مى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان و هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د و پاڤێڵ تاڵه‌بانى و  لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان مه‌لا به‌ختيار و هه‌ريه‌ك له‌ حاكم قادر و عه‌دنان موفتى و جه‌عفه‌ر مسته‌فا و نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووك و رزگار عه‌لى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى سێى هه‌ولێر و سه‌عدى ئه‌حمه‌د پيره‌ شاندى يه‌كێتى بن و سه‌ردانى پيرمام بكه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندى باڵاى پارتى ديموكراتى كوردستان.

بڕياره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى وه‌ك په‌يوه‌ندييه‌كانى پارتى و يه‌كێتى، ريفراندۆم، هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركووك و بڕيارى په‌رله‌مانى عێراق له‌ باره‌ى داگرتنى ئاڵاى كوردستان گفتوگۆيان له‌ باره‌وه‌ بكرێت.