پارێزگاری كه‌ركووك: بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان ناده‌ستوورییه‌ و ئاڵای كوردستان ناهێنینه‌ خواره‌وه‌

"په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ده‌به‌ین"

K24 - هه‌ولێر:

نه‌جمه‌ددین كه‌ریم پارێزگاری كه‌كووك، ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌ پارێزگای كه‌ركووك و ته‌نها هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق له‌ پارێزگاكه‌دا، قسه‌ی بۆ میدیاكان كردو و گووتی" بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ناده‌ستوورییه‌ و ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك ناهێنینه‌ خواره‌وه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند" به‌گوێره‌ی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش ئه‌و كاره‌ نا ده‌ستوورییه‌ و ئێمه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ده‌به‌ین و ره‌وشه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ركووكه‌".

ئه‌م قسانه‌ی پارێزگاری كه‌ركووك پاش ئه‌وه‌هات، كه‌ دوێنێ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پرۆژه‌ بریارێكی توركمانه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراقی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و بڕیاریاندا ئاڵای عێراق به‌ ته‌نها له‌ پارێزگای كه‌ركووك هه‌ڵبكرێت و ئاڵای كوردستان بهێنرێته‌ خواره‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نوێنه‌رانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقیان جێهێشت.