سبەی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات

ھەمان رۆژ شاندی ھاوبەش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە سبەی چوارشەممە، شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی و نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ لایەنەکانی عێراق کۆببنەوە، تایبەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکە بریتی دەبێت لە ھەر یەک لە فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

لەلایەکی دیکەشەوە، بڕیارە ھەر سبەی چوارشەممە، شاندی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی سەردانی سلێمانی بکەن و لەوێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە، تایبەت بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە لەشاری ھەولێر ئەو شاندە ھاوبەشە لەگەڵ ھەریەک لە یەکگرتوویی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و حیزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوە.

كۆبوونەوەكانی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی دوای ئەوە دێت كە رۆژی 2 ئەم مانگە بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە و بڕیاریاندا لیژنەیەك ئەنجامدانی ریفراندۆم پێك بێنن و شاندێكی ھاوبەش لەگەڵ لایەنەكانی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و شاندێكی دیكەش بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بەغدا بكات.