بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێك لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بڵاودەكاتەوە

"هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاستی بەرپرسیاریێتی نیشتمانیدا بن لەم قۆناغە هەستیارە"

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: "هەرێمی کوردستان هەموو ئەو رێوشوێنە پێویستانە بگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ".

لە خاڵێكی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی شەرعی ‌و یاسایی لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو رێوشوێنە پێویستانە بگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک‌ و هەموو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر".

بزووتنەوەی گۆڕان لە خاڵێكی دیكەی راگەیەندراوەكە دەڵێ: "نابێت ئەم هەنگاوە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستان ‌‌و موزایەدەی سیاسی بەکاربهێنرێت. بەڵکو پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمەکە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان‌و دابینکردنی پایەکانی دەوڵەتی هاووڵاتی‌ و سەروەری یاساو دامەزراوەی نیشتیمانی".

ھەروەھا لەبارەی چارەسەری كێشەكانی ھەرێمی كوردستان گۆڕان ئەوەی خستووەتەڕوو: "هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاستی بەرپرسیاریێتی نیشتیمانیدا بن لەم قۆناغە هەستیارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی‌و، بژێوی هاووڵاتیان‌ و، قەیرانی سیاسی‌و، رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو خۆئامادەکردن بۆ هەمو ئەگەرو پێشهاتەکان.  لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە، رایدەگەیەنین کە بۆ ئەم پرسە پێویست بە هیچ کۆبونەوەیەکی حیزبی ناکات.".