شاندى سوپا و راوێژكارانى تره‌مپ: گەلی ئەمەریكا و كۆشكى سپى سەرسامن بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی

سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندی یاوەری

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد.

رۆژی سێشەممە 4ـی 4ـی 2017 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆڕد سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جارید كۆشنەر گەورە ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا و تۆم بۆسارد ڕاوێژكاری ئاساییشی ناوخۆی سەرۆكی ئەمەریكا و كێیت شیللەر بەڕێوەبەری ئۆپەڕاسیۆنەكانی نووسینگەی ئۆڤەل و دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی كۆنسوڵخانە و سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا كە شاندێكی باڵای حكوومی و ئەمنی و سیاسی و سەربازیی هەرێم ئامادە بوون، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا لە وتەیەكدا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و دەستكەوتەكانی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و خێزان و كه‌سوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كرد و رایگەیاند، كە قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا بە نرخترین بابەتە و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمەریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات و ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ بەردەوامیی سەركەوتنەكان پێویستیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا باسی لە تێگەیشتنی ئەمەریكا و ئیدارەی تازەی وڵاتەكەی كرد لە ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەیشیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە گەلی ئەمەریكا و ئیدارەی تازەی ئەمەریكا سەرسامن بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانێتیی پێشمەرگە.

لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی  حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون و وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كە بە یارمەتیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند و خۆشحاڵیی خۆیشی پیشاندا كە بە هۆی هەماهەنگیی بێوێنەی نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا سەركەوتنی گەورە تۆمار كراوە بە بێ ئەوەی تەنانەت یەك شوێنی مه‌ده‌نيش بكرێتە ئامانج.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لە بەردەوامی و بەهێزتربوونی هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە شەڕی تیرۆر كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی كرد كە لەسەر دەستی حكوومەتەكانی عێراقی تووشی گەلی كوردستان هاتووە.

جەختیشی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و نەبوونی حەساسیەتی نەتەوەیی و تاییفی لە كوردستان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هەر ئەو فەرهەنگەیە وای كردووە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا سەركەوێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە مەیدانییەكان لە شەڕی موسڵ تاوتوێ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەو مەترسی و تەحەدیاتەی كە لە قۆناغی دوای داعش دێنە ئاراوە.