شاندی ھەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن

لە كۆشكی كۆماری پێشوازی لێ دەكرێت

K24 - ھەولێر

كەمێك لەمەوبەر شاندی ھەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، شاندەكە لە كۆشكی كۆماری پێشوازییان لێ دەكرێت.

شاندەكە پێكھاتوون لە فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكان پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی شاندی ھەرێمی كوردستان دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق.

بڕیارە شاندەكە دوو رۆژ لە بەغدا بمێنتەوە و لەگەڵ فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەممار حەكیم سەرۆكی ھاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی كۆببێتەوە.

چوونی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، دوای ئەوە دێت رۆژی 2 نیسان مەكتەبی سیاسی ھەردوو حزب بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پیرمام كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە ئاشكرایان كرد كە پرسی ریفراندۆم تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەیان بووە، ھەر لەو كۆبوونەوەیە بڕیاردرا كە شاندێكی ھاوبەش لە ھەردوولا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و شاندێكی ھەرێمی كوردستانیش سەردانی بەغدا بكات.