داعش هه‌ڕه‌شه‌ی رۆژه ره‌شه‌كه له ئوردن ده‌كات
5 كه‌س سه‌رده‌بڕن
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی داعش، هه‌ڕه‌شه له ئوردن ده‌كات و له ژێر ناوی "مژده‌ی رۆژه ره‌شه‌كانتان" ده‌ده‌ینێ، به‌رهه‌مێكی پڕ له هه‌ڕه‌شه و توندوتیژییان بڵاوكردووه‌ته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی هاوشێوه‌ی هێرشه‌كه‌ی ناوچه‌ی "الكرك" له‌و وڵاته ده‌كه‌ن، كه به‌هۆیه‌وه 10 كه‌س كه حه‌وتیان پیاوانی ئاسایش و گه‌شتیارێكی كه‌نه‌دیی بوون كوژران و 34 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون".
ڤیدیۆكه ماوه‌كه‌ی 20 خوله‌كه و كوردستان24 به پێویستی نه‌زانیووه هیچ گرته‌یه‌كی بڵاوبكاته‌وه، چونكه دیمه‌نی زۆر خوێناوی و توندوتیژی تێدایه و به شێوه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه‌ش 5 كه‌س سه‌رده‌بڕن . ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه قسه‌یان كردووه ده‌ڵێن" ئه‌وانه ئه‌و سه‌ربازه سووریانه‌ن كه ئوردن مه‌شقی سه‌ربازی پێكردبوون".
ئه‌و ڤیدیۆیه ئاراسته‌ی ئوردن كراوه و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تونده بۆ ئه‌و وڵاته و ده‌ڵێن" پیاوانی هۆزه‌كانی (الدعجة، المجالي، عربيات) و ئه‌وانی دیكه خیانه‌تكارن".
كه‌سێكیش له‌و بڵاوكراوه ڤیدیۆیه‌دا قسه ده‌كات و خۆی به كوڕی یه‌كێك له هۆزه‌كانی ئوردن ده‌ناسێنێت. پێشتریش هۆزه‌كانی ئه‌و وڵاته بێبه‌ریبوونی خۆیان له‌و كوڕانه‌ی هۆزه‌كانیان راگه‌یاندبوو، كه چوونه‌ته ناو داعش و هه‌ڕه‌شه له ئوردن ده‌كه‌ن".
داعش له كۆتایی ڤیدیۆكه‌دا ده‌رباره‌ی له سێداره‌دانی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئوردن قسه ده‌كه‌ن و ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ش په‌یوه‌سته به له‌سێداره‌دانی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه و به"شانه‌ی ئیربد" ناسرابوون".