حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیدانه‌ی كیمیاییبارانكردنی خان شێخۆن ده‌كات
"كیمیاییبارانكردنهكهی سووریا ئازاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌بیرهێناینه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیدانه‌ی بۆردومانه كیمیاییه‌كه‌ی خان شێخۆی سه‌ر به پارێزگای ئیدله‌بی سووریا ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئازاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌بیر هێناینه‌وه".
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، كه له‌سه‌ر وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌ت بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، گه‌لی كوردستان نه‌هامه‌تی زۆری به‌ده‌ست به‌عسی رووخاوه‌وه بینی، یه‌كێك له‌و نه‌هامه‌تییه گه‌ورانه‌ش، كاره‌ساتی كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه بوو كه له چه‌ند چركه‌یه‌كدا پێنج هه‌زار كه‌سی كرده قوربانی.
حكوومه‌تی هه‌رێم راشیده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر ئه‌و كات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگییان هه‌ڵنه‌بژاردبا و هه‌نگاوی پێویستیان بگرتبایەتە به‌ر، ده‌كرا ببوایه هۆكارێك تا ئه‌م جۆره تاوانه نامرۆڤانانه دووباره نهبنەوه.
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان له سووریا چه‌كی كیمیایی له دژی خه‌ڵكی سڤیلی شاری ئیدلب به‌كار هێنرا، ئه‌م تاوانه هه‌موو ئه‌و برینانه‌ی به‌بیر ئێمه هێنایه‌وه كه له كۆتاییی هه‌شتاكانی ڕابردوو بەرامبەر به گه‌لی كوردستان ئه‌نجام درا. بە توندی ئـەو تاوانە ئـیدانە دەکەین و هاوخه‌می و هاوسۆزیی خۆمان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و كرده‌وه نامرۆڤانه‌یه ده‌رده‌بڕین".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ رێگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه، حكوومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندووه، پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕێگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانە، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جددی بكات و هیوادارین ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بۆ ڕێگرتن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كرده‌وه نامرۆڤانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه نراوه، ببێته هۆكارێك تاکوو تاوانی له‌و جۆره دووباره نه‌بێته‌وه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داواش ده‌كات، به جددی هه‌وڵ بدرێت ڕێگه‌چاره‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و ئاڵۆزی و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه، بدۆزرێته‌وه.
رۆژی 4ی نیسان/ ئه‌پریلی 2017، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، به گازی سارین، ناوچه‌ی خان شێخۆنی سه‌ر به پارێزگای ئیدله‌ب بۆردومان كرد.
به‌هۆی بۆردومانه كیمیاییه‌كه‌ش، زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و نزیكه‌ی 600 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، كه زۆربه‌یان منداڵ بوون.