لیژنەیەك بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی پێكدەھێندرێت

"مافی ئاڵا هەڵكردن لە كەركووك ‌و ریفراندۆم، بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە رایدەگەیەنێت: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا جەختكرایەوە، چی دیكە ناكرێ‌ دیسپلینی حزبایەتی ‌و جێبەجێ كردنی پەیرەوەی ناوخۆ و ژیانی حزبایەتی و پەیرەوی ناوخۆ فەرامۆش بكرێ‌ و لیژنەیەك بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی دەستەی كارگێڕ و هەڤاڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و هەڤاڵ بافێل تاڵەبانی پێك بھێندرێت".

ھەر لەو راگەیاندراوەی یەكێتیدا ھاتووە: "دوای گوێ‌ گرتن لە راپۆرتی زارەكی هەڤاڵ عەدنان موفتی، سەردانی وەفدی هاوبەش بۆ بەغدا و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵا‌و هێزە سیاسیەكان، لە پێشەوەیانەوە سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەت ‌و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ مافی ئاڵا هەڵكردن لەكەركووك ‌و ریفراندۆم، بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا".

 

دەقی راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

سەعات (12)ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ (8/4/2017)، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی‌و بەئامادەبوونی هەڤاڵ هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرس‌و ئەندامانی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی‌و هەڤاڵ عەدنان مفتی بەرێوەچوو.

   لەكۆبونەوەكەدا، دۆخی ناوخۆی یەكێتی بەوردی باسكراو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی، سەردانی وەفدی هاوبەش بۆ لای لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ ریفراندۆم‌و  چوونی وەفدی هاوبەش بۆ بەغدا تاوتوێ‌ كرا.

   سەرەنجام :

  • كۆبونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی‌و لایەنە سیاسیەكانی تر‌و راگەیاندراوە هاوبەشەكەی یەكێتی‌و پارتی، وەك سەرەتایەك بۆ ریفراندۆم، بەباشی هەڵسەنگێندرا.
  • دوای گوێ‌ گرتن لەڕاپۆرتی زارەكی هەڤاڵ عەدنان مفتی، سەردانی وەفدی هاوبەش بۆ بەغداو چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵا‌و هێزە سیاسیەكان، لەپێشەوەیانەوە بەڕێزان سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ مافی ئاڵا هەڵكردن لەكەركوك ‌و ریفراندۆم، بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا.
  • سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەكێتی، تێكرا ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە، جەختیان كردەوە، كە چی دیكە ناكرێ‌ دیسپلینی حزبایەتی ‌و جێبەجێ كردنی پەیرەوەی ناوخۆ و ژیانی حزبایەتی و پەیرەوی ناوخۆ فەرامۆش بكرێ‌، بۆیە بڕیاردرا، كە لیژنەیەك بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی‌و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی كارگێڕ و هەڤاڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و هەڤاڵ بافێل تاڵەبانی وەك لێپرسراوی سكرتاریەتی هەڤاڵ سكرتێری گشتی‌ و گەیاندنی پەیامی كۆبونەوەكان بەجەنابی مام جەلال، ئەركیان پێ‌ سپێردرا، بەرپرسیاربن لە جێبەجێكردنی تەواوی ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی‌ و مەكتەبی سیاسی دەدرێن، سەبارەت بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  هەروا لەسەر كاری حكومەت، دامودەزگاكانی ئاسایش، پێشمەرگە، تەواوی ئۆرگانەكان‌و رێكخراوە دیموكراتیەكان. لەپێشەوەی ئەركەكانیشیان چۆنێتی جێ‌ بەجێكردنی پەیرەوی ناوخۆ و دارشتنی رێسای جێبەجێكردنی سزاو پاداشت لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتی دا. ، بەپێی بڕیاری دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە لەرێكەوتی(13/3/2017) ئەنجامدرا، ئەو هەڤاڵانەی پێشلكاریان  ئەنجام دابێ‌، سەرزەنشتی رەسمیان ئاراستە دەكرێ‌.

 

دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

8/4/2017