ناسنامەی تەقەكەرەكەی ماڵی بەرسێكی یەكێتی لە چۆمان ئاشكرا دەبێت
ئاسایش: گومان دەكرێت ئەو كەسە بە ھەڵە تەقە لە ماڵی بەرپرسی كۆمیتەی چۆمان كرابێت، كێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ كەسێكی دیكە ھەیە".
K24 - ھەولێر
شەوی رابردوو لە قەزای چۆمان تەقە لە ماڵی لێپرسراوی كۆمیتەی چۆمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كراوە و ئاسایش ناسنامەی كەسەكەی ئاشكرا كردووە و دوای بڕیاری دادگا دەستگیر دەكرێت.
لوقمان وەردی لێپرسراوی كۆمیتەی چۆمانی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێك دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەكەم كردووە، خۆشبەختانە خۆم و منداڵەكانم لە ماڵ نەبووین، ھیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوو، تەنھا زیانی ماددی بەر ماڵەكەم كەوتووە".
گوتیشی: "ھەست دەكەم ئەو كردەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوبیت چونكە تەقە لەو ژوورەكراوە كە لێی دادەنیشین".
روونیكردەوە: "من كێشەی كۆمەڵایەتیم لەگەڵ كەس نییە و گومانیش لەكەس نییە، بەڵام سكاڵای یاساییم لەسەر تەقەكەرەكە تۆماركردووە، ھیوادارم برادەرانی ئاسایش و پۆلیس تەقەكەرەكە دەستگیر بكەن و سزا بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ھەوڵانە بۆ نانەوەی پشێوی لەناوچەكە لەناوببرێن و دووبارە نەكرێنەوە".
مەحموود ھاودیانی بەڕێوەبەری ئاسایشی چۆمان بۆ كوردستان24 گوتی: "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە و ناسنامەكەی تەقەكەرەكە ئاشكرا كراوە، بەڵام جارێ ناتوانین ناوەكەی بڵاوی بكەینەوە تا بڕیاری دەستگیركردنی لە دادگا دەردەچێت".
راشیگەیاند: "لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە تەقەكەرەكە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ھەیە، بەڵام كێشەكەی لەگەڵ بەرپرسی كۆمیتەی چۆمانی یەكێتی نییە و ھیچ پەیوەندی بە ئەوەوە نییە، بۆیە ھەست دەكرێت بە ھەڵە تەقەی لە ماڵی ئەو كردبێت، ئەوە تەنھا گومانە لێكۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەكە دەكەین و بەپێی یاسا تەقەكەرەكە سزادەدرێت".





