كۆسرەت رەسوڵ: پێویستمان بە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەیە
"ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ چارەسەری كێشەكان جیددین"
K24 - ھەولێر
كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "پێویستمان بە دروستكردنی یەكڕیزی و كۆدەنگی هەیە لە ناو ریزەكانی یەكێتی و سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بە جۆرێك لە ئاستی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا بێت".
ئەو گوتانەی كۆسرەت رەسوڵ لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا ھات لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەكان، بە گوێرەی راگەیەندراوی سكرتێری رۆژنامەوانی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان كراوە و كۆسرەت رەسوڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ چارەسەری كێشەكان جیددین".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە، لەو دیدارەدا ئاماژە بە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دیرینەكان كراوە و كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە: "ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە ژیانێكی باش و شایستە بۆ پێشمەرگە دێرینەكان و ماڵ و منداڵەكانیان دابین بكات".