ئاڵا تاڵه‌بانى: هێرۆ و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختيار بۆ هه‌ڵكردنى ئاڵا له كه‌ركووك هه‌ڵوێستيان نه‌بوو
ره‌خنه‌ى له "كه‌مته‌رخه‌مى" ئه‌و به‌رپرسانه‌ى حزبه‌كه‌ى گرتووه.
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى و سه‌رۆكى فراكسيۆنى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئاڵا تاڵه‌بانى نامهيهكى كراوه‌ى ئاراسته‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختيار و هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د كردووه و تێيدا ره‌خنه‌ى له "كه‌مته‌رخه‌مى" ئه‌و به‌رپرسانه‌ى حزبه‌كه‌ى گرتووه.
ئاڵا تاڵه‌بانى له نامه‌كه‌دا نووسيويه‌تى: "کەسمان لەگەڵ تەشهیرپێکردن نین بەڵام بمبورن ئەوە ئێوەن ڕەخنە بەتشهیر وەڵام دەدەنەوە، نەک بەکۆبونەوە بەرێزان، جەنابتان دوێنى کۆبونەوەتان کردووە، کۆمەلێک پرسى زۆر گرنگ، زۆر هەستیار، کە چارەنوسى میللەت و ژیانى ڕۆژانەى خەڵک و ململانێ سیاسیەکانى ناوچەکە لەخۆدەگرێت تەنها لەنێوان چەند کەسێک هەڵسەنگاندنى (طبعا وحتما) ئیجابى بۆ پرسەکان کراوە و دواتر لەبەر ڕۆشنایى ئەم هەڵسەنگاندنە ئیجابیە بڕیارتان داوه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌و به‌رپرسانه‌ى يه‌كێتى له هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستاندا له كه‌ركووك هيچ هه‌ڵوێستێكيان نه‌بووه و نووسيويه‌تى: "جەنابتان لەپرسى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک ڕاتان نەبوو، نەهاتنە سەرخەت، شەڕەکەتان لەناو ئەو هەموو نەیارە بۆ ئێمەى کەرکوکییەکان و پەرلەمانتارانى بەغدا بەجێهێشت، چۆن ئێستا بەبێ ئێمە، تەنانەت پارێزگارى کەرکوک کە ئەندامى مەکتەبى سیاسیە وەکو ئێوە ، وبەتەنها گوێگرتن لەنوێنەرەکەمان لەلیژنەیەکى بێ بەرنامە و لاواز لەنوێنەرایەتى خەڵکى کوردستان و کەرکوک بەتایبەتى، ئێوە هەڵسەنگاندن بکەن! ئەکرێ من وەکو سەرۆکى فراکسیۆن لەبەغدا، لەتەلەفیزیۆنەوە بزانم وەفدەکە چى کردووە؟!".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دەکرێت من لەزارى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکى فراکسیۆنەکانى شیعە بزانم وەفدەکە چۆن باسى ئاڵاى کوردستان و ریفراندۆمیان کردووە؟ بەڕێزان... ئەوەى دوێنێ ئێوە لەکۆبونەوەکە لەسەر ئاڵا‌و ریفراندۆم تاوتوێتانکردووە دڵنیاتان دەکەمەوە جیاوازە زۆر لەوەى بەمن وتراوە بەتایبەت لەلایەن سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە. ریفراندۆم بەبێ کەرکووك بۆ ئێمە چى مانایەکە هەڤاڵانى رێبازەکەى مام جەلال... ریفراندۆم بێ دەزگا شەرعییەکەى کوردستان لاى دونیاى دەرەوە چى دەگەیەنێت؟".
ئاڵا تاڵه‌بانى روويكردووه‌ته هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د و نووسيويه‌تى: "جه‌نابى هێرۆ خان، توو ويژدانت، كه‌ى مام قبوڵيهتى ئه‌ندامى خێزانه‌كه‌ى ئه‌ندامى ليژنه‌ى سزادانى هاوڕێى شاخ و خه‌باتى پێشمه‌رگايه‌تى بن".