ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی: ھیچ نووسراوێكی فەرمیمان بۆ سزادانی سەركردەكان پێنەگەیشتووە
"پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری حزبی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت"
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی سزادانی ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە باسی لێوەكراوە، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا ھیچ نووسراوێكی فەرمیان لەسەر ئەو پرسە پێنەگەیشتووە.
لە راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ھاتووە: "ئێمە لە ئەنجومەنی ناوەندی رایدەگەیەنین کە تائێستا هیچ نوسراوێکی فەرمیمان سەبارەت بەو بابەتە پێنەگەیشتوە و دووپاتیدەکەینەوە کە ئەم بابەتە پرسێکی ناوخۆی حزبیە و بابەتی راگەیاندنەکان نییە تاوەکو وەڵام و وەڵامکاری لێبکەوێتەوە، بۆیە داوا لە هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی دەکەین کە پابەندی ئەو پرنسیپە حزبیە بن و هەربابەتێکی ناوخۆیی پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری حزبی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەڵێ: "داوا لەسەرجەم هەڤاڵان ئەندامان و کادیرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەین کە ئەو بابەتانە پرسی گەرم و گوڕی میدیاکان نییە و لە رێگای ئۆرگانەکانی خۆتان و لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی و پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵە بکەن".
ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبوونەوەی 8 ئەم مانگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بڕیاردراوە لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ پێك بھێندرێت و ئەو سەركردانە سزابدرێن كە پابەندی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە نەبوونە.