بارزانى: كوردانى كۆماره‌كانى سۆڤيه‌تى پێشوو به‌شێكى ئازيزى گه‌لى كوردستانن

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد.

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 10ـی نيسان/ ئه‌پريلى 2017 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ رەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆشیان پیشاندا بە سەردانیان بۆ نیشتیمانی رەسەنی خۆیان كوردستان و وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی باسیان لە رۆڵ و كاریگەریی خەباتی بارزانیی نەمر كرد لەسەر خۆڕاگری و ئومێد بۆ كوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو. ئامادەیی ئەوەیشیان راگەیاند، كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی كوردستان و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان دەبن و كاری بۆ دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەیان كرد لە پاراستنی وڵات و شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.

هە لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو باسیان لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی كوردانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و سۆڤییەتی جاران كرد.

لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و كوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشووی بە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد و رایگەیاند، پاراستنی پێناسە و رەسەنایەتیی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەورەترین خەباتە كە كوردانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو بە باشی ئەنجامیان داوە.

 هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەروەها ئیرادەی خەڵكی كوردستان بۆ ریفراندۆم و گەییشتن بە سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان شیكردەوە.