راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی
ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئاشكرا كراوه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له راگه‌یاندراوێكدا، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان ئاشكرا كرد.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، كۆبوونه‌وه‌كه پێنج ته‌وه‌ر بووه و ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كانی سه‌ردانی سێ لێژنه تاووتوێكراوه، كه پێشتر له‌لایه‌ن هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسییه‌وه پێكهێنراون.
پێشتریش سێ لێژنه پێكهێنرابوون، یه‌كه‌میان بۆ سه‌ردانیكردنى به‌غدا، دووه‌میان بۆ سه‌ردانیكردنی لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم و لێژنه‌ی سێیه‌میش، بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆنسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان.
مه‌به‌ست له پێكهێنانی ئه‌و لێژنانه‌ش، گه‌یاندنی پرسی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بووه له هه‌رێمی كوردستان و له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆشدا، بڕیاری پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی دیكه‌ی باڵا، بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، دراوه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، "داوا له كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه نه‌به‌زه‌كان و هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و میدیاكاران و ته‌واوی گه‌لی كوردستان كراوه، له‌م پرۆسه گرنگ و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌دا هاوكار و پاڵپشت بن".
هه‌روه‌ها یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ناوه‌ڕۆكی نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی خۆی، پێشكه‌ش به مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه.
ده‌قی راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان:
له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌كانی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌نجامدرا بۆ بڕیاردان و به‌دواداچوونی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی پێشوو گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرابوو و لیژنه‌یان بۆ پێكهێنرابوو.
- له‌ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه سه‌ردانی به‌غدای كردبوو، پوخته‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان و ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆك كۆماری عێڕاق و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیران و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێڕاق، خسته‌ڕوو. لهئهكامدا بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی باڵا به‌ڕاوێژكردن له هه‌موو لایه‌نه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هێزه نیشتمانییه عێڕاقییه‌كان سه‌باره‌ت به داخوازی و كێشه‌كانی نێوانمان، به‌تایبه‌تی له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان هه‌نگاوده‌نێ به‌ره‌و ریفراندۆم.
- له ته‌وه‌ری دووه‌مدا، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه تایبه‌ت به بابه‌تی ریفراندۆم راسپێردرابوو بۆ په‌یوه‌ندی و سه‌ردانی حزب و لایه‌نه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان، ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه و راو بۆچوونی لایه‌نه‌كانیان گه‌یانده كۆبوونه‌وه، دوای شرۆڤه و لێكدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی كه له‌و سه‌ردان و دیدارانه‌دا گه‌ڵاڵه ببوون، كۆبوونه‌وه بڕیاریدا هه‌نگاوی پێویست بنێ بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و زه‌مینه‌سازی پێویست بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی پرۆسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
- له ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه راسپێردرابوو بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كونسڵ و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تان له كوردستان بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌و هه‌وڵانه‌ی له ئارادایه بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم، خرایه به‌رباس و گفتوگۆی له باره‌وه‌كرا و به باش هه‌ڵسه‌نگێندرا كه به‌سوپاسه‌وه هه‌موویان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه ببوون.
- له‌ته‌وه‌ری چواره‌مدا، گفتوگۆ له‌سه‌ر كۆی كێشه و گرفته ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا و ته‌ئكیدكرایه‌وه له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانمان و به‌هاوبه‌شی خستنه‌گه‌ڕی هه‌موو وزه و تواناكانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره و پاڵپشتی رێككاره یاسایی و هه‌نگاوه‌كانی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان.
- له تهوهرێكیتردا، كۆبوونه‌وه داوایه‌كی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه نه‌به‌زه‌كان و هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و میدیاكاران و ته‌واوی گه‌لی كوردستان كرد، كه له‌م پرۆسه گرینگ و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌دا هاوكار و پاڵپشت بن.
- شایه‌نی باسه هه‌ر له‌م كۆبوونه‌یه‌دا هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌خشه‌ڕێگای كه ئاماده‌یانكردبوو پێشكه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و له‌كۆتایشدا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌كان به‌رده‌وامبن.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان