مه‌سرور بارزانی: له‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌دات
"تێكشكاندنی داعش ده‌رفه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی واقیعیانه‌ی كێشه كۆن و نوێكانی عێراق ده‌ڕه‌خسێنی"
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند:" له‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌دات، چونكه كاتی هاتووه هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كان گوێ له داوای خه‌ڵكی خۆیان بگرن".
راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و قسانه‌ی له كاتی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ" تۆبیاس ئیلوۆد" وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و شاندی یاوه‌ری كرد و رایگه‌یاند" گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق نه‌بوونی متمانه‌یه، به‌ڵام تێكشكاندنی داعش ده‌رفه‌تێكی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنی بۆ ده‌ستكردن به چاره‌سه‌ركردنی واقیعیانه و درێژخایه‌نی سه‌رجه‌م كێشه كۆن و نوێكانی عێراق".
.jpg)
له دیداره‌كه‌دا كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12/4/2017 به ئاماده‌بوونی (فرانك بێكه‌ر) باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و (كاروان جه‌مال) نوێنه‌ری حكو‌مه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو،په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان و قۆناغی دوای داعش له عێراق تاتوێكرا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا‌و ته‌ئكید له بایه‌خی به‌رده‌وامی كاری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسیه‌كانی به‌ر له شه‌ڕی داعش كرایه‌وه.
وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاش، ئاماژه‌ی به بڕیاری حكوومه‌تی به‌ریتانیا دا، كه له پێشكه‌شكردنی پشتیوانی سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و چاكسازیی له هه‌رێمی كوردستان به گرینگ ده‌زانێ و رایگه‌یاند، ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی دیموكراسی بێت.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا دووپات له به‌هێزكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا له شه‌ڕی جیهانی تیرۆریزم كرایه‌وه.