ژماره‌ی ئاواره‌كانی موسڵ له هه‌رێم ئاشكرا ده‌كرێت
ته‌نیا 41 هه‌زار ئاواره‌ی موسڵ له هه‌رێمی كوردستان بۆ شوێنه‌كانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه
K24 – ھەولێر
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت له سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لە رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 تا ئێستا 164 ھەزار روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و لە كەمپەكانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك نیشتەجێكراون.
هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان له‌مباره‌وه به ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "ھاتنی ئاوارەكان بەردەوامە و رۆژانە نزیكەی 10000 كەس لە بەشی رۆژئاوای موسڵ ئاوارە دەبن و ژمارەیەكی زۆر لەو ئاوارانە خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە ولەوێشەوە بۆ كەمپەكان دەگوازرێنەوە".
ئه‌م به‌رپرسه‌ی حكومه‌ت كه بۆ پرسی ئاواره‌كان رێكخه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمه بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه ناحكومییه‌كانی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "تەواوی ئەو كەمپانەی بۆ ئاوارەكانی موسڵ لە هەولێر دروستكراون پڕبوونە و ئیتر ناتوانرێت پێشوازی لە هیچ ئاوارەیەكی دیكە بكرێت، تەنها ئەو شوێنانەی ئەو كەمپانە بەتاڵ دەبن كە ئاوارەكان دەگەڕێنەوە وئاوارەی نوێ لە شوێنیان نیشتەجێ دەكرێن. لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 8.200 هەزار خێوەتی بەتاڵ ماوەتەوە بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی موسڵ. بەڵام لەبەر سنوورداربوونی توانای دارایی ناتوانرێت پێشوازی لە شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان بكرێت".
گوتیشی بوونی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره "فشارێكی زۆری خستووەتە سەر گشت كەرتە خزمەتگوزارییەكان. بۆ نمونە، تا ئێستا زیاتر لە 35 هەزار برینداری مەدەنی وسەربازی لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی هەولێر ودهۆك چارەسەریان بۆ كراوە."
دانیشتوانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش
له باره‌ی ژمارەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان گوتی "نزیكەی 400 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا ماون و پێشبینی دەكرێت بەهۆی سەختی شەڕی كۆڵانەكان لە ناوشاری كۆنی موسڵ شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارە روو لە هەرێمی كوردستان بكات. له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان توانای لە خۆگرتنی شەپۆڵی دیكەی ئاوارەی نەماوە، بەتایبەتی بەھۆی بوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم و کەمبوونی شوێن لە كامپەكان و زۆری خەرجی دابینكردنی ئاسایش و پاراستن و خزمەتگوزارییەكان لەوانە شوێنی حەوانەوە، ئاو و خۆراك و تەندروستی و پەروەردە".
كه‌مبوونی یارمه‌تییه داراییه‌كانی به‌غدا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
هۆشه‌نگ محه‌مه‌د له به‌شێكی دیكه قسه‌كانیدا باس له كه‌مبوونی یارمه‌تییه داراییه‌كانی به‌غدا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ پرسی ئاواره‌كان له هه‌رێم ده‌كات و له‌م باره‌وه ده‌ڵێت "تا ئێستا هاوكارییەكی ئەوتۆ لەلایەن بەغدا وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشكەش بە هەرێم نەكراوه. بۆ نموونە حكومەتی عێراق لە ساڵی 2016 لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ تەنها 43 ملیار دیناری بە هەرێمی داوە بۆ دروستكردنی چوار كەمپ لە هەولێر ودهۆك و961 ملیۆن دیناریش لە ساڵی 2017 بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكان".
ده‌شڵێت "بۆ زیادكردن و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران، هەرێم پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە. ئەو هاوكارییەی تا ئێستا لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە رێگای ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان پێشكەش بە هەرێم كراوە تەنها نزیكەی 22% پێداویستییە مرۆییەكانی هەرێم دابین دەكات. ئەوەی دیكە كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم كە مانگانە بە 91 ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت. جگە لە خەرجی بەڕێوەبردنی كەمپەكانی ئاوارەكانی موسڵ و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆیان، هەر ئاوارەیەك رۆژانە 3.7 دۆلاری پێویستە كە مانگانە دەكاتە زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار".
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان
له باره گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچه ئازادكراوه‌كانیان، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان گووتی "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ تەنھا نزیكەی 41 ھەزار كەس بۆ ناوچە رزگاركراوەكانیان لە موسل، گەڕاونەتەوە، كە دەكاتە نزیكەی 8500 خێزان. بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە ناو شاری موسڵ و ناوچە ئازادكراوەكان، پڕۆسەی گەڕانەوە زۆر كەمبووەتەوە، هەروەها مەترسی لە گرووپە چەكدارەكان و نەبوونی توانای ماددی ئاوارەكان پرۆسەكەی هێواشتر كردووە، حكومەتی بەغدا پێناچێت هیچ پلانێكی بۆ ئه‌م بواره هەبێت و هیچ هاوكارییەكی دارایی پێشكەش بە ئاوارەكان ناكات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە. بەڵكو بە پێچەوانەوە پڕۆسەی گەڕانەوەیان سەخت كردووە كە پێویستییان بە رەزامەندیی چەندین لایەن هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان".
ژماره‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران
له باره‌ی ژمارەی ئاواره و په‌نابه‌رانی له هه‌رێمی كوردستان، هۆشه‌نگ محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "نزیكەی 1.341.450 ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێكراون، لەو ڕێژەیەش بەشێكیان لە 38 كەمپ نیشتەجێكراون وئەوانەی دیكە، كە زۆرینەی ئاوارەكان پێكدێنن، لە ناو شارەكان دەژین".
گوتیشی "هەرێمی كوردستان میوانداریی زیاتر لە 97% پەنابەرانی سوری لە عێراق ده‌كات. لەمانە 228,567 پەنابەر تۆماركراون ونزیكەی 25 هەزاری دیكەش خۆیان تۆمار نەكردووە. هەروەها، 61% پەنابەرانی سوریا لە نۆ كەمپ لە هەر سێ پاریزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی نیشته‌جێكراون".