"بریتانیا ئاوڕ بۆ دواوه ناداته‌وه"
سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا: به‌ڵێنی ده‌رچوون له یه‌كێتی ئه‌وروپا جێبه‌جێ ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
تیریزا مای، سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا رایگه‌یاند" هیچ راپرسییه‌كی دیكه ناكرێته‌وه بۆ مانه‌وه‌ی بریتانیا له ناو یه‌كێتی ئه‌وروپادا".
سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا به كه‌ناڵی BBC راگه‌یاندووه " هیچ رێگه‌یه‌كی گه‌ڕانه‌وه نییه و حكومه‌ت به به‌ڵێنی ده‌رچوونی بریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، پابه‌ند و خاوه‌ن به‌ڵێنه".
تیریزا مای، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، 51.9% بریتانییه‌كان، ئه‌وانه‌ی به‌شداریی راپرسییه‌كه‌یان كردووه، له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌رچوونی وڵاته‌كه‌یان له یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌نگیانداوه و له به‌رامبه‌ردا 48.1% دژ بوون، كه‌واته زۆرینه ئه‌وه‌ی ده‌وێت و ئێمه‌ش هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه ده‌نێین و ئاوڕ له دواوه ناده‌ینه‌وه.
تیریزا مای ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو، له بری چاوه‌ڕوانیكردن تا ساڵی 2020 له‌و هه‌ڵوێسته ناخۆشه رزگار ده‌كات و له بری ئه‌وه‌ی هاوكات سه‌رقاڵی گفتوگۆی چوونه ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و كاته بێت، خۆی بۆ گفتوگۆكان ئاماده ده‌كات.
پێشبینی ده‌كرێت، بریتانیا له مانگی ئاداری ساڵی 2019 به‌گوێره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌ی دیاریكراوه به یه‌كجاری له یه‌كێتی ئه‌وروپا بچیته ده‌ره‌وه.