ئه‌سه‌د: هیچ شتێك به‌ناوی فیدرالی و حوكمی زاتی له باكووری وڵات قه‌بووڵ ناكه‌ین
ئه‌سه‌د: په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ كوردانی سووریا هه‌یه.. وشه‌ی عه‌ره‌بی له كۆماری سووریاش ناكه‌ینه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، له چاوپێكه‌وتنێكدا، له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "سانا"، سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی حوكمی زاتی له باكووری سووریا "رۆژئاوای كوردستان" و فیدرالی هه‌ڵوێستی خۆی نیشاندا و رایگه‌یاند، له ئێستادا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سوورییه‌كان دژی فیدرالین و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌سه‌د له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، ئێستا بارودۆخی ناوچه‌كه ئاسایی نییه و هه‌ر قسهكردنێكیش له‌باره‌ی حوكمی زاتی، یاخود فیدرالی، یا هه‌ر شتێكی له‌و بابه‌ته، پێویسته له حاڵه‌تێكدا بێت، كه جه‌نگ نه‌بێت، یاخود به‌لای كه‌مه‌وه بارودۆخه‌كه سرووشتی بێت.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌وان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ كوردانی سووریا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ناوچه‌كانی "باكووری سووریا" ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه ده‌ست، شتێك به ناوی حوكمی زاتی قه‌بووڵ ناكه‌ن.
دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، بابه‌تی فیدرالی په‌یوه‌ندی به ده‌ستووری سووریاوه هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیاواز هه‌ن و هیچ یه‌كێك له‌وانه به ته‌نها ناتوانن داهاتووی سووریا دیاری بكه‌ن و باشتره بۆ ئه‌و پرسه، چاوه‌ڕوانی گفتوگۆی ده‌ستووری نوێ بكرێت.
ئه‌سه‌د، گوتی: "ئێستا له باكووری سووریا ده‌ڵێن ئێمه خۆمان حوكمی خۆمان ده‌كه‌ین" و ئه‌وه‌ش وه‌ك بیانووێك به‌كارده‌هێنن، هه‌ر كاتێكیش ئه‌و ناوچانه كۆنتڕۆڵكرانه‌وه ئه‌و بیانووانه‌ش نامێنن و ده‌ستووری سووریاش رێگه به‌و شتانه نادات".
ئه‌سه‌د سه‌باره‌ت به گۆڕینی وشه‌ی "سووریای عه‌ره‌بی" رایگه‌یاند، به‌كارهێنانی ئه‌و وشه‌یه له ده‌ستووردا هاتووه و ته‌نها حكوومه‌تی سووریا نییه كه باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه و گوتی: "ئێمه ده‌بێت ببینه ئاوێنه‌ی زۆرینه‌ی سوورییه‌كان، كه زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن و باوه‌ڕی به شووناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان هه‌یه".