خێزانی ترەمپ پڕخەرجترین بنەماڵەن لە كۆشكی سپی
جەرجی گەشت و بەسەربردنەكانی بنەماڵەی ترەمپ و پاراستنیان لەگەڵ ھیچ خێزانێكی دیكه لە كۆشكی سپی بەراورد ناكرێت

K24 - ھەولێر
ئەگەر بە پەلە دەست بە كەمكردنەوەی خەرجییە زیادییەكانیان و سەردانە زۆرەكانیان بۆ شوێنەكانی دیكەی ئەمریكا و جیھان نەكەن، بنەماڵەی ترەمپ دەبنە پڕخەرجترین بنەماڵە لە كۆشكی سپی.
چاوەروان دەكرێت دۆناڵد ترەمپ پێش ھاوتا پێشووەكەی، باراك ئۆباما بكەوێت بۆ زۆر بوونی خەرجییەكانی.
پێگەی نیوزویك بڵاویكردەوە، ئۆباما ساڵانە 12.1 ملیۆن دۆلار خەرجی گەشتەكانی بووە. ترەمپ لەوانەیە ئەم بڕە خەرجییە دوو بەرامبەر زیاد بكات، پێش ئەوەی كۆتایی بە 100 رۆژی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی بێنێت.
میلانیا ترەمپ رەتیكردەوە بڕواتە واشنتۆنی پایتەخت، بە ھۆیەوە ھێزە ئەمنییەكانی نھێنی تاوەری ترەمپ لە نیویۆرك دەپارێزن، كە خانمی یەكەمی ئەمریكا تێیدا نیشتەجێیە و منداڵە گەورەكانی ترەمپ بۆ سەرتاسەری ئەمریكا و دەرەوە گەشت دەكەن و خەرجی پاراستنیان بە شێوەیەكی سەرسورھێنەر بەرز دەبێتەوە.
سەرچاوەكە ھەروەھا ئاماژە بە زۆربوونی گەشت و كات بەسەربردنی ئەندامانی بنەماڵەی ترەمپ لە بەراورد لەگەڵ كەسانی دیكە دەكات.
كۆی گشتی خەرجی پاراستنی ئاسایشی كەناراوییەكانی پالم 3.7 ملیۆن دۆلارە و گەشتی فڕۆكە لە بنكەی ھاوبەشی ئەندریۆ لە مێریلەند بۆ رۆژئاوای پالم لە فلۆریدا 700 ھەزار دۆلارە.
خەرجی كاری زیادەی رۆژانەی چەسپاندنی یاسا بۆ گەشتەكانی ترەمپ 60 ھەزار دۆلارە.
خەرجی پاراستنی ئاسایشی شوێنی گۆلف 35،185 دۆلارە.
داخستنی فڕۆكەخانە لە كۆتاییەكانی ھەفتە 30 ھەزار دۆلارە.
مانەوەی خانەوادەی یەكەم لە تاوەری ترەمپ
خەرجی پاراستنی ئاسایشی زیادە كە داوا دەكرێت بۆ پاراستنی تاوەری ترەمپ 60 ملیۆن دۆلارە.
خەرجی ئاسایشی پۆلیسی نیویۆرك رۆژانە 127 ھەزار تا 146 ھەزار دۆلارە.
خەرجی پاراستنی خزمەتگوزارییەكانی ئاسانسۆر 64 ھەزار دۆلارە.
خەرجی ھەر گەشتێكی ھێزی ھەوایی بۆ نیویۆرك لە كاتژمێرێكدا 180 ھەزار دۆلارە.
خەرجی پاراستنی ئاسایشی منداڵەكانی ترەمپ لە گەشتە جیھانیەكانیان
خەرجی ھۆتێلی ئەریك ترەمپ لە بریتانیا، لە ماوەی ئەم ھەفتەیە 11،261 دۆلار بووە.
خزمەتگوزارییەكانی لیمۆزینی ئەریك ترەمپ لە دوبلین 4،029.85 دۆلار بووە.
خەرجی كرێی كەلوپەلی یاری سەر بەفر و جلوبەرگ بۆ تیمی خزمەتگوزاری نھێنی ئیڤانكا ترەمپ لە گەشتەكەی بۆ ئەسپێن 12،208 دۆلار بووە.
خەرجی مانەوەی كوڕە گەورەكەی ترەمپ، جۆن، كوڕەكەی دیكەی ترەمپ، ئەریك و كچەكەی ترەمپ، تیفانی لە ھۆتێلێك له ڤانكۆڤەر 53،155 دۆلار بووە.
خەرجی مانەوەی ھەردوو كوڕەكەی ترەمپ لە ھۆتێلێك لە دوبەی 16،735 دۆلار بووە.
خەرجی گەشتی پاسەوانەكانیان ئەژمار نەكراوە، كە لەگەڵیان گەشت دەكەن، ھەروەھا مووچە و خەرجییەكانی دیكەی ئەو پاسەوانانە ئەژمار نەكراوە.
پێشبینی بەرزبوونەوەی بودجەی ئەمریكا دەكرێت بە بەرچاو گرتنی بەرزبوونەوەی خەرجییەكانی خێزانی ترەمپ لە بەراورد لەگەڵ خێزانی سەرۆكی پێشوو.
پێگەی نیوزویك باس لەوە دەكات رەخنەگران نیگەرانن لەوەی كە ئەو خێزانە ملیاردێرەی یەكەمی ئەمریكا نازانن خەرجی گەشتەكانیان لەسەر شانی باجدەرانی ئەمریكایە، نەك ئەندامانی ئەم خێزانە.